هاووڵاتیانی سۆران چاوەڕیی ڕۆژی ڕیفراندۆمن
(د. لەزگین عوبێد)، مامۆستای زانكۆ لە سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ڕاستە لە هەرێمی كوردستان كێشە و ناكۆكی لە نێوان لایەنەكاندا هەیە، بەڵام هەندێك پرس هەن، وەك پرسی ڕاپرسی و مافی چارەی خۆنووسین، كە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانین و نابێ بخرێنە ناو ململانێی حزبایەتییەوە و، ئەگەر ململانێ هەبێت لەسەر پۆست و هەندێك شتی دیكە، ئەمە حاڵەتێكی سرووشتیە، بەڵام نابێ لەسەر پرسە چارەنووسسازەكان، كە پەیوەندیی بە هەموو تاكێكی كورد و داهاتووی كوردستانەوە هەیە، ململانێی حزبی بكرێت.''
(هۆزان خۆرشید)، چالاكی بواری سیاسی لە دەڤەری سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''مانەوەی كورد لە بەغدا هیچ سوودێكی بۆ ئێمە نابێت و نابێ كات بەفیڕۆ بدەین، بەڵكو پێویستە بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین و ببینە خاوەنی دەوڵەتی خۆمان، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە سەركردایەتیی كورد بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بدات، چونكە ئێستا دەرفەتێكی زۆر باش بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە و نابێت ئەو دەرفەتە لە دەست خۆمان بدەین.''
(شێروان مستەفا)، مامۆستای پەیمانگا لە دەڤەری سۆران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''بابەتی سەربەخۆییی كوردستان لە سەرووی هەموو شتێكەوەیە، پێویستە سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان پێشنیارێكی هەبێت، كە هەموو لایەنە سیاسییەكان كۆ بكاتەوە، ئەوانەی كە دەتوانن زاڵ بن لەسەر هەموو ئەو كێشانەی دێنە پێشەوە و پشتگیری لە دەوڵەتی كوردستان دەكەن، چونكە مانەوەمان لەگەل عێراق سوودی نەماوە، تەنیا چارەسەر و ڕێی بەرەو باشتربوونمان دروستبوونی دەوڵەتی كوردستانە و لەو ڕێیەوە دەتوانین بە ئامانجەكانمان بگەین.''
(ئازاد جوندی)، فەرمانبەر لە شارۆچكەی ڕواندز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''ئێستا كاتی ئەوە هاتووە ڕیفراندۆم بكرێت، بەڵێ پێوستە ڕیفراندۆم بكرێت، چونكە هەلێكی زێڕین بۆ گەلی كورد هاتووەتە پێشەوە و دەبێت ئەو هەلە لە دەست نەدەین و خۆمانی بۆ ئامادە بكەین.''
( واحید مستەفا) مامۆستای بنەڕەتی لە شارۆچكەی مێرگەسۆر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''چاوەڕێین (سەرۆك بارزانی) ڕۆژێك بۆ ڕیفراندۆم دیاری بكات، بۆ ئەوەی بە ''بەڵێ'' دەنگ بدەین و بەو ئاواتە بگەین، كە دەریایەك خوێنمان بۆ داوە.''
(زەكی موسلیح)، فەرمانبەر لە چۆمان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ئەو دەرفەتەی بۆمان ڕەخساوە، نابێ لە كیسمان بچێت، بۆیە نابێ بەهۆی كارانەكردنەوەی پەرلەمانەوە ڕیفراندۆم دوا بخرێت.''
(زەكی موسلیح) ڕوونیشی كردەوە: ''هەرێمی كوردستان لەوپەڕی بەهێزیدایە، بۆیە كاتێكی زۆر گونجاوە بۆ ڕیفراندۆم و جیابوونەوە لەو عێراقەی بە درێژایی مێژوو هەوڵی لەناوبردنی گەلی كوردی داوە.''
kdp-
