کارتی ئەلکترۆنی بەسەر ئەو ھاووڵاتیانەدا دابەش دەکرێت کە وەریان نەگرتووە

 کارتی ئەلکترۆنی بەسەر ئەو ھاووڵاتیانەدا دابەش دەکرێت کە وەریان نەگرتووە
بەڕێوەبەری نووسینگەی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان ڕای گەیاند، ئەو ھاووڵاتیانەی کارتی ئەلکتڕۆنییان وەرنەگرتووە، کارتی ئەلیکترۆنیان بەسەردا دابەش دەکرێت.

عەلی قادر، بەڕێوەبەری نوسینگەی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند: "ئەو ھاووڵاتیانەی لە ساڵی 2014 کارتی ئەلکتڕۆنییان بۆ دروست کراوە و نەھاتن وەریبگرن و دەنگیشیان نەداوە، کارتەکانیان گەڕێنرابویەوە بەغدا، بەڵام ئێستا کارتەکانیان ھێنراونەتەوە و لە کاتێکی نزیکدا کارتەکانیان بەسەردا دابەش دەکرێت، چونکە کاتێک ھاووڵاتیان تۆماری بایۆمەتری دەکەن، ئەو کارتە ئەلکتڕۆنییە کۆنەکەیان پێ نەبێت ئەوا 25 ھەزار دینار پێ بژاردنیان پێ دەکرێت".

بەڕێوەبەری نووسینگەی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان، ئەوەشی خستەڕوو: "کارتە ئەلکتڕۆنییەکان خراونەتە سەر داتا بەیسی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، ھەروەھا ئەو ھاووڵاتیانەی کارتە ئەلکتڕۆنییەکانیان وەرنەگرتووە، دەنێردرێن بۆ ناوەندەکانی دابەشکردنی کارتی ئەلکتڕۆنی و ھەر لەوێش ناوەکانیان تۆمار دەکرێت".

ئاشکراشی کرد: "ئەو کارتە بایۆمەترییانەی بۆ ھاووڵاتیان دروست دەکرێت بۆ ماوەی 10 ساڵ کاری پێدەکرێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا قۆناغی یەکەمی ئەم دابەشکردنەکە دەست پێ دەکات، ئێستاش کۆمیسیۆن ڕێوشوێنی چۆنییەتی چاپکردن و دابەشکردنەوەی دادەڕێژێت".

بەڕێوەبەری نوسینگەی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان، گوتیشی: "100 ھەزار کارتی ئەلکتڕۆنی لە بەغداوە گەڕێنراونەتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەو کارتانەش لە ساڵی 2014 بۆ ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق بۆ ئەو ھاووڵاتیانە دروست کراون، بەڵام ئەوان نە ھاتوون کارتەکە وەربگرن و دەنگیشیان نەداوە، بۆ ئەوەی ئەو ھاووڵاتیانە لە ھەڵبژاردنی ئایندە دەنگیان نەسووتێ، ئەو کارتانەمان لە بەغداوە ھێنایەوە".








باسنیوز
Top