بۆ دژایەتیی ئەردۆگان.. لایەنگرانی بەرەی (نەخێر) ناوی بارزانی دەهێنن
دوای ئەوەی پەرلەمانی تورکیا چەند ماددەیەکی لە دەستووری تورکیا هەمووار کردەوە و چەند ماددەیەکی کەم کردەوە و چەند ماددەیەکیشی زیاد کرد و بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دەرکرد، هەڵمەتێکی بەرفراوان لەو وڵاتەدا بۆ بانگەشەکردن بۆ ڕیفراندۆمی دەستووری ئەو وڵاتە دەستی پێ کرد. ئەمەش تورکیای بەسەر هەردوو بەرەی (بەڵێ) و (نەخێر) دابەش کرد.
لەو کاتەوە، لایەنگرانی بەرەی (نەخێر)، جۆرەها کارتیان لە دژی لایەنگرانی بەرەی (بەڵێ) بەکار هێنا، یەکێک لەو کارتانە باسکردن بوو لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا و ئەردۆگانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە دۆستی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. هاوکات ئاماژە بە خاڵێک دەکەن وەک جێگەی ڕەخنە لەسەر ئەردۆگان و باس لەوە دەکەن: ”بارزانی کەسێکە، بە هەستی نەتەوایەتیی کوردی ناسراوە و میدیاکانی هەرێمی کوردستانیش شارەکانی تورکیا (کوردستانی باکوور) بە بەشێک لە کوردستان دەزانن“.
لەو چوارچێوەیەدا لە چەند ژمارەی ڕابردوو، ڕۆژنامەی (سۆزچو)ی نزیک لە پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە)، بەردەوام لەو چوارچێوەیەدا هەواڵی بڵاو کردووەتەوە و لە یەکێک لە ژمارەکاندا بە مانشێتێکی گەورە نووسیویەتی: ”بە بارزانی بڵێن، کۆتایی بەو ڕەزالەتە بهێنێت کە بۆی دروست کردووین“. لە مانشێتی دووەمیشدا ئاماژەی بە بابەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە ئیستەنبۆڵ و ئەنقەرە کردووە.
هەمان ڕۆژنامە ڕەخنەی لە پەیوەندیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان گرتووە و باسی لەوە کردووە: ”میدیاکانی بارزانی بەشێکی گەورە لە باشوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا تا سیواس بە کوردستان دەزانن“.
باسنيوز
