سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: ڕەنگە بژاردەی بایکۆتی حکوومەتی عێراق بگرینەبەر
د.عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند: "گرفتەکانی نێوان عەبادی و مالیکی بەردەوامن و کاریگەریی لەسەر ئەدای حکوومەتی عێراق هەبووە، عەبادی بەردەوام گرفتی بۆ دروست کراوە، مالیکیش بە ئاشکرا دەڵێت سەرۆک وەزیرانم، چونکە غەدرم لێ کراوە، ئێستاش لەپەرلەمان بەرەی چاکسازی دروست کردووە بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی عێراق، ئەوە بوو وەزیری بەرگری و دارایی لادا".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە درێژەدا ڕاشیگەیاند "ئاگادارین بە نیازە چەندان پۆستی دیکە لابدات، ئەمەش بۆ ئەوەیە کە لە سەرکەوتنی سوپای عێراق و پێشمەرگە و بارزانی و عەبادی بدات، بۆیە دەیەوێت لە سەرکەوتنی پێشمەرگە و سوپای عێراق کەم بکاتەوە و دەیەوێت بە شەقامی عێراقی بڵێت عەبادی کەسێکی لاوازە و بە کەڵک نایەت بۆ هەڵبژاردن".
گوتیشی: "ململانییەکی فراوان لە ئارا دایە، سیستانی و سەدر پشتیوانی لە عەبادی دەکەن، بۆ ئەوەی دەستێوەردانی ئێران لە عێراق کەم ببێتەوە، بۆیە مالیکی کاتێک سەردانی تارانی کرد لە تاران خامنەیی پێی گوت سەرکەوتووترین سەرۆک وەزیران لە میژووی عێراق، بۆیە ئەم ملمڵانێیە لە نێوان عەبادی و مالیکییەوە پەرەی سەند بۆ سیستانی و خامنەیی، هەروەها تەشەنەی کردووەتە نێوان رەوتی ئێران و ئەمەریکا لایەکیان دەیەوێت مالیکی بگەرێتەوە و لایەک دەیەوێت عەبادی، بۆیە ئەمە کاریگەریی لەسەر کوردستانیش هەبووە".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر هات و زۆرینەی سیاسی سەری گرت کە مالیکی نەخشەی بۆ کێشاوە، ئەگەر پشتیوانی لە زۆرینەی سیاسی کرا و سەری گرت، ئەوا پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا ناکات و حکوومەتیش بایکۆت دەکات."
باسنیوز
