دینداری زێباری: جگە لە ئاوارە و پەنابەران نەخۆش و بریندارەکانی سوپای عێراقیش لە هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکرێن
زێباری ئەوەشی خستە روو کە دوای نیشتەجێکردنی ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بەردەوام لە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆیان و لەم بارەوە وتی: لە سەرجەم کەمپەکان بنکەی تەندروستی هەیە کە هەموو خزمەتگوزاریەکی پێویست لە خوپارێزی و چارەسەرکردن پیشکەش دەکات، بۆ ئەو حاڵەتانەی کە لە بنکە تەندروستییەکان چارەسەر ناکرێن ئەمبولانس دابین کراوە بۆ رەوانە کردنی نەخۆش بو نەخۆشخانەکانی ناو شارەکان، و چەند نەخۆشییەک هەیە پێشبینی کراوە و تومار کراوە.
زێباری ئەوەشی روونکردەوە کە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ ژمارەیەکی زۆری ئاوارە روویان لە هەرێمی کوردستان کردوو و بە پێی ئامارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە دوای دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ تا رۆژی 20/3/2017 زیاتر لە (255) هەزار کەس لە موسڵ دەوروبەری ئاوارە بوون و شوێنەکانی خۆیان جێهێشتووە و بەشێکی زۆریان روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و لەو کەمپانە نیشتەجێکراون کە بۆ ئەو مەبەستە ئامادە کراون بەتایبەتی کەمپەکانی حەسەن شام و خازر . بێگومان ژمارەیەکی زۆریان منداڵ و بە ساڵاچوون و پێویستیان بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان هەیە.
سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی بریندارانی شەڕی موسڵ وتی: رۆژانە بە بەردەوام بریندارانی پرۆسەی ئازادکردنەوەی موسڵ روو لە نەخۆشخانەکانی هەرێم دەکەن بۆ چارەسەر کردن بۆ نموونە بەپێی ئامارەکانی سەنتەری پرۆسە مرۆییەکان (OCHA) لە رۆژی 17/10/2016 تا 12/3/2017 ئەو بریندارانەی پرۆسەی ئازاد کردنی موسڵ کە تەنیا لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر چارەسەریان وەرگرتووە (1693) کەس بوون لەگەڵ (15) برینداری چەکی کیمیاوی کە لە موسڵ بەر هێرشی کیمیاوی تیرۆریستانی داعش کەوتبوون جگە لە هاوکاری بەردەوام بۆ ئاوارە و پەنابەران بەمەش بەشێکی زۆری ئەو دەرمان و پێداویستییە پزیشکییانەی بۆ کوردستان دێن، بۆ ئاوارەکانی موسڵ و ناوچەکانی دیکە بەکاردێن.
ئا/ خەلیل بلەیی
