ئەمریکا خولێک بۆ ژمارەیەک ئەفسەری کوردستان دەکاتەوە
بەپێی زانیارییەکان، خولەکە ماوەی سێ هەفتەی خایاندووە و لە شاری هەولێر بۆ ژمارەیەک ئەفسەری یەکەی بەرگریی کیمیاوی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کراوەتەوە.
راهێنەرانی ئەمریکی خولەکەیان کردووەتەوە، کە تێیدا ئەفسەرانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لەسەر شێواز و چۆنێتیی کارکردن لەگەڵ هەر پێشهاتێکی رووداوی چەکی کیمیاوی و گازە کۆکوژەکان، راهێنانیان پێکراوە و بڕوانامەیان پێدراوە.
گەلی کوردستان رابردووێکی تاڵی لەگەڵ چەکە کیمیاوی و کۆکوژەکان هەیە، لە 80كانی سەدەی رابردوو، رژێمی داگیرکەری بەعسی عێراق لە شاری هەڵەبجە و ناوچەکانی بالیسان و دەوروبەری لە دەڤەری خۆشناوەتی و چەند ناوچەیەکی دیکە، بە چەکی کیمیاوی هێرشی کردە سەر هاووڵاتییان و دەیان هەزار ژن و منداڵ شەهید بوون.
هەروەها لە میانی شەڕی دەوڵەتی تیرۆریستیی داعش لە دژی باشووری کوردستان، چەکدارانی ئەو دەوڵەتە تیرۆریستییە چەند جارێک مووشەکی کیمیاوییان ئاراستەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرد.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی و دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش شاری شنگال و زۆربەی ناوچەکانی سنووری شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز
