لە کەرکووک چوار چەکداری داعش دەستگیر کران
عەمید (سەرحەد قادر)، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ئەوەی زانیاریی ھەواڵگەریمان دەربارەی ھەبوونی چوار چەکداری تیرۆریستی داعش لەنێو شاری کەرکووکدا پێ گەیشت، ھێزەکانی پۆلیسی قەزا و ناحیەکان ئۆپەڕاسیۆنێکیان ئەنجام دا و تێیدا توانیمان ھەرچوار تیرۆریستەکەی داعش دەستگیر بکەین، کە خۆیان لە ناوچەیەکی شارەکەدا حەشار دابوو، ھەرچواریان بۆ ماوەی دوو ساڵ چەکداری داعش بوونە و لە بواری ئەمنی و ئالیاتدا کاریان بۆ گرووپی داعش کردووە، پێشتریش فەرمانی گرتنیان ھەبووە و بە ماددەی 4ی تیرۆر دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە.''
عەمید (سەرحەد قادر) گوتی: ''ئەو چەکدارانە بە ناوی ئاوارەوە ھاتبوونە شاری کەرکووک و خەڵکی ناحیەی ڕەشادن، ھەر لە سنووری ڕەشاد و حەویجەش کاریان بۆ داعش کردووە. بەھۆی شکستی داعشەوە چەکدارەکانیان چەکەکانیان فڕێ دەدەن و خۆیان لەگەل ئاوارەکان تێکەڵ دەکەن، بۆ ئەوەی لەو گرووپە ڕزگاریان ببێت، ئێمەش بەردەوام چاودێرییان دەکەین، چونکە مەترسیی ئەوەیان ھەیە، دواتر وەک شانەی نوستوو دەستبەکار ببنەوە و کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، لەبەر ئەوەی ڕێکخراوێکی توندڕەوی وەک داعش جێی ئەوە نییە چاوپۆشی لێ بکرێت و ئەوانەی پێشتر تیرۆریست بوونە بەو ئاسانییە دەست لەو گرووپە ھەڵناگرن.''
kdp-
