بەرکەوتوانی چەکی کیمیاوی لە مووسڵ لە هەولێر تیمار دەکرێن
هەمزە حامید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند: "سەرجەم بریندارەکانی سوپای عێراق لە شەڕی مووسڵ دەهێنرێنەوە بۆ نەخۆخانەکانی شاری هەولێر و لە نەخۆشخانەی ئەمریکی و ڕۆژئاوا و نەخۆشخانەی سەربازی تیمار دەکرێن و ئەمەش وای کردووە کە فشار لەسەر پێداویستیی دەرمان دروست ببێت و داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە لەو بارەوە هاوکاریمان بکات".
هاوکات د.دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "بەپێی ئامارەکانی سەنتەری پرۆسە مرۆییەکان (OCHA) لە رۆژی 17/10/2016 تا 12/3/2017 ئەو بریندارانەی پرۆسەی ئازادکردنی مووسڵ کە تەنیا لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر چارەسەریان وەرگرتووە بە هەر سێ ناوەندەکەوە کە تیماری نەخۆشییان تێدا دەکرێت (1693) کەس بوون لەگەڵ (15) برینداری چەکی کیمیاوی کە لە مووسڵ بەر هێرشی کیمیاویی تیرۆریستانی داعش کەوتبوون".
هاوکات د.سامان بەرزنجی بەرێوەبەری تەندروستیی هەولێر رایگەیاند: "تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە بریندارەکانی شەڕی مووسڵ دەهێنرێنە نەخۆشخانەکانی هەولێر و ڕەنگە لەو بارەوە ئامارێک بڵاو بکرێتەوە".
باسنیوز
