پەکەکە لە سەرێ کانی دەستی بە رەشبگیریی گەنجان کرد
بەپێی زانیارییەکان، رۆژی دووشەممە 17.4.2017، چەکدارانی پەیەدە لە سەرێ کانی سەر بە شاری قامیشلۆ هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵ و شوێنە بازرگانییەکانی هاووڵاتییان و 25 گەنجیان رفاندووە.
پەیەدە ئەو گەنجانە دەباتە بەرەکانی شەڕی حزبەکەی و دەیانکاتە سەربازی بە زۆرەملێ و یەکێکیش لەو دەتگیرکراوانە، دادوەر یوسف باشۆ حاجی خەلەفە.
هاوکات لەگەڵ رەشبگیرییەکەی پەیەدە، ژمارەیەک گەنجی شارۆچکەکە هەڵاتوون و و چوونەتە گوند و ناوچەکانی دەروبەری سەرێ کانی.
دوای دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە سووریا و کشانەوەی رژێمی سووریا لە رۆژئاوای کوردستان، پەیەدە دەستی بەسەر ئەو بەشەی کوردستاندا گرت و تێیدا رێگا بە هیچ حزب و لایەنێکی سیاسیی دەرەوەی بیری ئاپۆچی نادا حزبایەتی بکات و سزا بەسەر نەیارانی سیاسیی خۆیدا دەسەپێنێت.
بەهۆی ئەو سیاسەتەی پەکەکە لە رۆژئاوای کوردستان، سەدان هەزار هاووڵاتیی ئەو بەشەی کوردستان ئاوارەی باشوور و باکووری کوردستان بوون.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 500 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە حەوت ملیۆن کەسی دیکە.
باسنيوز
