حەیدەر شەشۆ: ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی دەست لەکار کێشانەوەکەی منیان پەسەند کردووە
بەرپرسی هێزی پاراستنی ئێزیدخان کە ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، هۆکاری دەست لەکار کێشانەوەکەی ئاشکرا کرد.
حەیدەر شەشۆ، ڕاگەیاند: لە بەر دامەزراندنی پارتێکی نوێ بە ناوی (پارتی دیموکراتیی ئێزیدخان) من دەستم لە کارکردن لەگەڵ یەکێتی کێشاوەتەوە، چونکە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، نابێت کسێک لە یەک کاتدا ئەندامی دوو حزب بێت“. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی دەست لەکار کێشانەوەکەی پەسەند کردووە.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەو بۆ ماوەی 24 ساڵ لەناو یەکێتیدا کاری کردووە و بەرپرسانی ئەو حزبە بە دۆستی خۆی دەزانێت.
شەشۆ ئەوەشی گوت: پارتی دیموکراتیی ئێزیدخان مۆڵەتی فەرمی پێ دراوە، سەر بە هیچ لایەنێکی سیاسی نییە و پارتێکی سەربازی نییە، بۆیە هەر کەسێک بیەوێت، دەتوانێت تێیدا ببێتە ئەندام“. باسیشی لەوە کرد کە ئێستا بارەگای پارتەکەی لە شنگال کردووەتەوە.
حەیدەر شەشۆ ئەوەی دووپات کردەوە کە پارتەکەیان لە کاری سەربازی و لەشکری دوور دەبێت و ئیستاش ناونووسینی هەزار چەکداری هێزی پاراستنی ئێزیدخان بۆ نێو وەزارەتی پێشمەرگە دەستی پێ کردووە.
پێشتر ماڵپەڕی فەرمیی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی ئەوەی بڵاو کردبووەوە کە دەست لەکار کێشانەوەکەی حەیدەر شەشۆ لەلایەن ئەنجومەنی ناوەندییەوە پەسەند کراوە.
باسنیوز
