وادەی پێشکەشکردني سیمستەری ھاوینەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا ڕاگەیەندرا

وادەی پێشکەشکردني سیمستەری ھاوینەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا ڕاگەیەندرا
ئەمڕۆ دووشەممە، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، خوازیارانی خوێندنی باڵا، ماستەرو دکتۆرا ئاگادار دەکاتەوە کە پڕۆسەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی ماستەرو دکتۆرا لە زانکۆ حکوومییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ سیمستەری ھاوینە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٦-٢٠١٧ ڕادەگەێنێت.


لە کۆبونەوەی لێژنەی باڵای خوێندنی باڵا، کە ‌یاریدەدەری سەرۆکی سەرجەم زانکۆکان بۆ کاروباری زانستی و خوێندنی باڵا ئەمادەی بوون، دوای پەسندکردنی پلانی زانکۆکان بۆ سیمستەری ھاوینە بۆ خوێندنی باڵا/ماستەر و دکتۆرا، لە زانکۆ حکوومییەکانی ھەرێمی کوردستان، لەھەمان کاتدا نەخشەڕێگەی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) ماوەی پێشکەشکردن، ئەنجامدانی تاقیکردنەوە، ناردنی ئەنجامە بەراییەکان، ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، ماوەی سکاڵا و تانەگرتن، ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی و ڕێکەوتی دەستپێکردنی دەوامی سیمستەری ھاوینەی پەسند کرد.



ھەر لەو کۆبونەوەیەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە ١٦/٤/٢٠١٧ لە دیوانی وەزارەت بەڕێوەچوو، ئەوەش خراوەتەڕوو کە سیمستەری ھاوینە بەھەمان ڕێنمایی ژمارە (٤) بۆ ماستەر بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧) و، ڕێنمایی ژمارە (٥) بۆ دکتۆرا بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠١٦-٢٠١٧)ی سیمستەری زستانە، خوزاریارانی خوێندنی باڵا دەتوانن داوا پێشکەش بەزانکۆکان بکەن، ھەروەک جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە، ئەو کاندیدانەی کە لە سیمستەری زستانە ناویان دەرچووەو ئێستا مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزیان بەدەستھێناوە، دەتوانن لەگەڵ دەرچووانی سیمستەری ھاوینە دەست بەپڕۆسەی خوێندنی ئەکادیمی خۆیان بکەن.



لەو راگەیەندراوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، ئەوەش ھاتووە: "لەھەمان کاتدا وەزارەتەکەمان ئەوە ڕادەگەێنێت کە ئامادەکاری تەواو و پێویست بەھەماھەنگی لەگەڵ زانکۆکان کراوە بۆ پێشوازیکردن لە خوازیاران و بەسەرکەوتووی بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسە زانستی و ئەکادیمیە، بۆیە داوا لە خوازیاران دەکەین لە ماوەی دیاریکراو وەک لە خوارەوە ئاماژەی بۆ کراوە سەردانی زانکۆکان بکەن بۆ مەبەستی پێشکەشکردن".


راگەیەندراوەکە ئەوەشی روون کردوەتەوە: "ماوەی پێشکەشکردن بۆ خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا) لە سەرجەم زانکۆکان، لە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٤/٤/٢٠١٧ تا ڕێککەوتی ٤/٥/٢٠١٧ دەبێت، ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی ماستەر لە سەرجەم زانکۆکان، لە کاتژمێر 10 بەیانی، ڕێککەوتی ١٤/٥/٢٠١٧ دەبێت، ھەروەھا ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی دکتۆرا لە سەرجەم زانکۆکان، لە کاتژمێر 10ی بەیانی، ڕێککەوتی ١٥/٥/٢٠١٧ دەبێت، ھەروەھا دەستپێکردنی دەوامی ماستەر و دکتۆرا، لە سەرەتایی مانگی تەمموز دەبێ".
bas news-
Top