مامۆستایانی زانكۆ: وڵاتانی جیهان پاڵپشتی ڕیفراندۆم دەبن

مامۆستایانی زانكۆ: وڵاتانی جیهان پاڵپشتی ڕیفراندۆم دەبن
مامۆستایانی زانکۆ دەڵێن، نابێ لایەنە سیاسییەکان کارانەکردنی پەرلەمان بکەنە بیانوو و بڵێن، دەرفەت بۆ ڕیفراندۆم لەبار نییە، ئێستا وادەی ڕیفراندۆمە و وڵاتانی جیهانیش پاڵپشتیی ڕیفراندۆم دەکەن.

(د. ڕەزا خالید)، مامۆستای زانكۆ لە دهۆك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: ''ئەوەی (سەرۆك بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستی بۆ بردووە، پڕۆژەیەكی زۆر پیرۆزە و دەبێ هەموو لایەنە سیاسییەكان پشتگیریی لێ بكەن، بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدان و خەباتی گەلی كورد بەفیڕۆ نەچێت.''

(د. ڕەزا خالید) گوتیشی: ''ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە ناوەندەكانی بڕیارداندا ژمارەیەكی حیساب بۆ كراوە و، پێگە و قۆرساییی خۆی هەیە، بۆیە زۆر گرینگە ئەمساڵ ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان بكرێت، بۆ ئەوەی گەلی کورد ئەو پشتگیرییەی لێی دەكرێت، بیقۆزێتیەوە و بە مافەكانی خۆی بگات.''

( د. سەباح داود)، مامۆستای زانكۆی دهۆك بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''نابێ هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كارانەكردنەوەی پەرلەمان بكەنە بیانوو بۆ ئەوەی كە ئێستا دەرفەت بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستان لەبار نییە، چونكە ئەگەر كورد سەربەخۆییی خۆی وەرگرت و بووە دەوڵەت، ئەوكات لایەنەكان دەتوانن بە شێوەیەكی ئاسانتر بگەنە چارەسەر و كێشەكان چارە بكەن، بۆیە دەبێت هەرچی زووە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژێك بۆ ڕیفراندۆم دیاری بكات، بۆ ئەوەی گەلی كورد لە ڕێی ڕیفراندۆمەوە چارەنووسی خۆی دیاری بكات.''

(عەلی مامەند)، مامۆستای زانكۆ لە شارۆچكەی ئامێدی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: ''ئێستا گونجاوترین كاتە بۆ ئەوە گەلی كورد بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بۆیە پێویستە هەموو تاكێكی كورد بە ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان خۆشحال بێت و پشتگیری لە پەیام و هەنگاوەكانی سەرۆكی هەرێم بكەن، چونكە ئەوە دەرفەتێكە بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە و دووبارە نابێتەوە.''

(عەلی مامەند) گوتیشی: ''لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی زۆربەی وڵاتانی جیهان پشتگیری لە خەڵكی كوردستان دەكەن، بەڵام پێویستە بۆ ئەوەی ڕاپرسی بكرێت، هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی هەرێم یەكدەنگ بن، نەك وەك ئەوەی ئێستا دەبینین هەندێك لایەن لەناو خۆیاندا یەكدەنگ و یەكهەڵوێست نین و پشتگیری لە هەنگاوەكانی سەرۆكی هەرێم ناكەن، ئەوەش بە زەرەری ئەوان و میللەتی كورد تەواو دەبێت.''
kdp-
Top