هێمن هەورامی: زمانی نەتەوەییی لایەنە سیاسییەکان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بەرز دەنرخێنین

 هێمن هەورامی: زمانی نەتەوەییی لایەنە سیاسییەکان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بەرز دەنرخێنین
(هێمن هەورامی) لە پانێڵێکدا کە لە زانکۆی جیهان بۆی سازدرابوو، ڕۆشنایی خستە سەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان و زمانی نەتەوەییی لایەنە سیاسییەکانی بۆ ئەو پرسە بەرز نرخاند.

ئەمڕۆ لە چوارچێوەى کۆنفرانسى زانستیى زانکۆى جیهاندا، کە بە ئامادەبوونى ژمارەیەکى بەرچاو قوتابی و مامۆستای زانکۆ و نوێنەرى دامودەزگا حزبى و حکومییەکان زنجیرەیەک پانێڵ دەربارەی نەخشەڕێگاى پرسى سەربەخۆییى کوردستان ڕێکخرابوون، لەژێر ناونیشانى ''پرسى دەوڵەتى کوردستان لە بەردەم دەرفەت و هەڕەشەکانیدا''، پانێڵێکیش بۆ (هێمن هەورامى)، یاریدەدەرى (سەرۆک بارزانى) ڕێکخرا.

(هێمن هەورامى) پڕۆسەى ڕیفراندۆم و پرسى سەربەخۆییى هەرێمى کوردستانى بەسەر چەند تەوەرێکدا دابەش کرد، لەوانە ڕۆڵى سەرکردایەتى و هەرێمى کوردستان لە بنیاتنانەوەى عێراقى فیدراڵدا و، پێگەى کورد لە هەلومەرجە هەنووکەییەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا. (هەورامى) لەو چوارچێوەیەدا باسى لە دەرفەت و ئاستەنگەکانى بەردەم پرسى سەربەخۆیى لەم قۆناغەدا کرد و بە گرنگییەوە باسى لەو زمانە نەتەوەییە کرد، کە بە لاى زۆرینەى هێزە سیاسییەکان و خەڵکى کوردستانەوە بۆ پرسى ڕیفراندۆم و سەربەخۆیى پشتگیرى لێ دەکرێت و بەرزی نرخاند. هەروەها ئەو دەرفەت و هەڕەشانەشى خستەڕوو، کە بۆ ئەم پرسە لە گۆڕێدان. (هەورامى) باوەڕی وابوو لە هەرجۆرە هەلومەرجێکدا دەبێ لەبرى ئەوەى هەنگاوەکانى بەرەو سەربەخۆیى هێواش بکەینەوە، ئەسپى سەربەخۆیى تاو بدەین، تا ئەو مافەى کە چەندین دەیەیە کورد هەوڵى بۆ دەدات بێتەدى.

(هەورامى) لە بەشێکى قسەکانیدا باسى لە ڕۆڵى کارێزما لە پرسى سەربەخۆییدا دەکرد، چونکە پێگەی دیپلۆماسى و کاریگەریى نێوخۆیى کاریزما، ئەو هێزەیە کە دەتوانێت جڵەوى پرسى سەربەخۆیى بگەیەنێتە کەنارى ئارامى. (هەورامى) ئەم کاریزمایەشى گەڕاندەوە بۆ ئەو پێگەیەی کە ئێستا (سەرۆک بارزانى) هەیەتى. گوتیشی، ئەگەر بە پێوەرێکی سیاسى و نەتەوەیى ئەم هاوکێشەیە بپێوین، ئێستا گەلی کورد و کوردستانیان بۆ ڕابەرایەتیکردنى پرسى سەربەخۆیى پێویستیان بە (سەرۆک بارزانی) هەیە.
kdp-
Top