دربۆ: زیاتر لە ٥٠ بەرپرسی حزبی لە پەکەکە جیا بوونەتەوە

 دربۆ: زیاتر لە ٥٠ بەرپرسی حزبی لە پەکەکە جیا بوونەتەوە
فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال، (قاسم دربۆ) دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر چەکداری پەکەکە لە شنگال هاتوونەتە نێو ڕیزی پێشمەرگەوە، زیاتر لە ٥٠ بەرپرسی حزبی و سەربازیی پەکەکەش لە شنگال لێیان جیا بوونەتەوە.

(قاسم دربۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕۆژانە چەکدارانی یەپەشە لە پەکەکە جیا دەبنەوە و پێوەندی بە ڕیزەکانی ھێزی پێشمەرگەوە دەکەن و تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوای ئەوەی وەجبەی یەکەم، کە نزیکەی ٥٠٠ چەکدار بوون و چوونە مەشق و ڕاھێنان، زیاتر لە١٠٠ چەکداری دیکەش پێوەندیان بە ھێزی پێشمەرگەوە کردووە و ئەوانەی جیایش بوونەتەوە، یەکەم مووچەی خۆیان وەرگرت.''

(قاسم دربۆ) گوتی: ''رۆژ بە ڕۆژ پەکەکە زیاتر لاواز دەبێت و ئێستا جگە لەوەی بەردەوام خەڵک و چەکدرانیان لێ جیا دەبنەوە، زیاتر لە ٥٠ بەرپرسی حزبی و سەربازیشیان لێ جیا بوونەتەوە و لە ماڵەوە دانیشتوون و پێوەندیان بە پەکەکەوە نەماوە، کە نزیکەی ٤٠ کەس لەوانە لە ڕێی منەوە وازیان لە پەکەکە ھێناوە.''

(دربۆ) ڕوونیشی کردەوە: ''بەشێک لەو بەرپرسانە لە نێو یەپەشەدا بەرپرسیارەتیان ھەبوو و بەشێکیشیان لەنێو ئەو ئەنجومەنەیاندا بوون، کە لە شنگال دایاننابوو و چەند بەرپرسێکیش ئەوانە بوون، کە لە قەندیل ماوەی سێ مانگ مەشق و ڕاھێنانیان کردبوو و کەسانی دیار بوون و بەردەوام لە میدیاکانی پەکەکەوە دەردەکەوتن و لێدوانیان دەدا، بەڵام ئێستا ھیچ پێوەندیان بە پەکەکەوە نەماوە.''
kdp-
Top