لەتیفی شێخ عومەر: خەڵکی کوردستان دڵی بۆ سەربەخۆیی لێ دەدات

 لەتیفی شێخ عومەر: خەڵکی کوردستان دڵی بۆ سەربەخۆیی لێ دەدات
- (لەتیفی شێخ عومەر) ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت، خەڵکی کوردستان دڵی بۆ سەربەخۆیی لێ دەدات و بە پێویستیشی دەزانێت کە ئەو پرسە بەزوویی یەکلا بکرێتەوە و زۆری بایەخ پێ بدرێت.

(لەتیفی شێخ عومەر)، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەرپرسی ڕێکخستنی مەڵبەندی یەکی سلێمانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دەبێ لەسەر پرسێکی گرینگی وەک ڕیفراندۆم سەرجەم حزبەکان و خەڵکی کوردستان بەیەکەوە بن و بەیەکەوە بڕیار بدەن، چونکە ڕیفراندۆم ناوەکەی بە خۆیەوەیەتی، هەموو خەڵک بەشداری دەکات و خەڵکی کوردستان ڕیفراندۆمی دەوێت و حزبەکانیش بەشێکی پێشڕەون لە خەڵک و دەبێت بریاری سەرەکی لە پرسی ڕیفراندۆم بدرێت.''

(لەتیفی شێخ عومەر) دەڵێت: ''نەمبینیوە هیچ حزبێک لاریی لە ڕیفراندۆم هەبێت، بەڵام حزبەکان جیاوازیی بۆچوونیان لەسەر چۆنیەتی ڕێوشوێنە یاساییەکان هەیە، ئەوەش چارە دەبێت، چونکە هەموو لایەک داوای ڕیفراندۆممان لێ دەکەن.''

(لەتیفی شێخ عومەر)، گوتی: ''لە هەموو پرسێکی نیشتمانیدا دەبێ حزبە سیاسییەکان و حکوومەت بگەڕێنەوە بۆ خەڵک و، ڕیفراندۆم باشترین دەرچەی گەڕانەوەیە بۆ خەڵک، ئێستاش خەڵکی کوردستان دڵیان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان لێ دەدات.''

(لەتیفی شێخ عومەر)، ئەوەشی خستە ڕوو: ''گرینگە گەلی کوردستان لەم ڕێگایەوە چارەنووسی خۆی دیاری بکات و گرینگە هێزە سیاسییەکانیش بەخێرایی بۆ دیاریکردنی ئالیەتی کاتی ڕیفراندۆم کۆببنەوە، چونکە ناکرێت لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکەدا هەیە، کورد لە مافەکانی خۆی بێبەش بکرێت.''
kdp-
Top