ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر سەبارەت بە پاشەکەوتی مووچە و کەناڵە ناوخۆییەکان کۆبووەوە
(عیماد ڕەفعەت) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کۆبووەوە و دەربارەی چەند پرسێک گفتوگۆی کرد. لەوانە، گفتوگۆ دەربارەی ئامێری کردنەوەی کەناڵە ناوخۆییەکان، کە باس لەوە کرا، ئێستا دادگا کێشەکەی ڕەوانەی بنکەی پۆلیسی سەروەران کردووە و بڕیارە حەفتەی دابێ نوێنەری ئێمە و کۆمپانیای میکس میدیا لە بنکەی پۆلیس ئامادە بن و گوتەیان لێ وەربگیرێت و کێشەکە چارە بکرێت، چونکە پێویستە ئەو ئامێرە ھەڵبگیرێت بۆ کاتێکی دیکە و ناکرێت ھەر کۆمپانیایەک لە خۆیەوە ھەستێت ئەو کارە بکات، بۆیە ئەگەر نوێنەری ئەو کۆمپانیایە ئامادە نەبێت، ئەوکات فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەچێت.''
(عیماد ڕەفعەت) گوتیشی: ''جگە لەوەش لیژنەی دارایی باسی لە پڕۆژەی پاشەکەوتی مووچە کرد، کە دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی پڕۆژەکەی ڕەت کردەوە، ئێستا بە ھاوکاریی ھەندێک ڕاوێژکاری ئابووری پڕۆژەیەکی وردی دیکەیان ئامادە کردووە و بڕیارە پێشکەشی وەزارەتی دارایی بکەن.''
جێی ئاماژەیە، دوای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر لە لای داواکاری گشتی سەبارەت بە دانانی ئامێری کردنەوەی کەناڵە ناوخۆییەکان سکاڵای لەسەر کۆمپانیای میکس میدیا تۆمار کرد، پێش نەورۆز داواکاری گشتی بڕیاری دا، کە ئەو ئامێرە ھەڵبگیرێت و پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان وەکو پێشووی لێ بێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو کارەیان نەکردووە.
kdp-
