لە سۆران موسڵمان و مەسیحی بەیەکەوە جەژنی قیامە پیرۆز دەکەن
مەلا وەیسی سەعید وەیسی، بەڕێوەبەری ئەوقافی سۆران، ڕایگەیاند: "لەوسەردانەماندا وێڕایی پیرۆزباییکردنمان لە خۆشک و برا مەسیحیەکانی دەڤەرەی سۆران، ھیوامان خواست ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێرو خۆشی و سەرکەوتنی گەلی کورد، تا ھەمیشە کوردستان بە مەڵبەندی پێکەوە ژیان، ئازادی ئایینی و لێبوردەیی بمێنێتەوە، ھەروەک ستایشی ڕۆڵی قارەمانانەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانمان کرد، لە تێکشکاندنی تیرۆرستانی داعش و پارێزگاری لە ھەموو پێکھاتەکان، جەختیش کرایەوە لەسەر تەبایی نێوان ئایین و نەتەوە و پێکھاتەکانی کوردستان".
لای خۆشیەوە قەشە یەترون یۆنان، سەرپەرشتیاری کلێسای دیاناو ھاودیان و بێدیال، ڕایگەیاند: "خۆم و گشت مەسیحییەکانی دەڤەری سۆران خۆشحاڵین بە لە بەشداریکردنی موسڵمان و زانایانی ئایینی لە یاد و بۆنەکانییان،ئەمەش بەفاکتەری سەرەکییە، بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانمان".
ئەو قەشەیە، ئەوەشی خستەڕوو: "پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە ئاست ھەستیاری قۆناغەکەدا بن و ھەوڵی سەرخستنی ریفراندۆم و ھەنگاوەکان بۆ سەربەخۆی کوردستان بدەن، ئێمەش پاڵپشتی و ئامادەباشی بۆ ئەو پرسە و ھەنگاوەکانی بارزانی دەکەین، بە تایبەت بۆ سەرکەوتنی یەکجارەکی و گەیشتنی گەلی کورد بە مافەڕەواکان کە لەسایەی ھەموو پێکھاتەکان ھەست بە ئارامی و بوونی خۆیان بکەن".
باسنیوز
