دەستەی بەڕێوەبەرانی كارگەی غازی هەولێر فرۆشتنی کارگەکەیان ڕەت دەکەنەوە

 دەستەی بەڕێوەبەرانی كارگەی غازی هەولێر فرۆشتنی کارگەکەیان ڕەت دەکەنەوە
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕای دەگەیەنێت، دوای بەدواداچوونی لێژنەكانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەركەوتووە كە تەنیا بەمەبەستی خەمڵاندن كارگەکە بووە، دەستەی بەڕێوەبەرانی كارگەكەش ڕەتی دەكەنەوە کە كارگەكەیان بفرۆشن.

خانزاد یووسف، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەكشەممە 16.4.2017 لێژنەی تایبەتمەندیی ئەنەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئەوەیان خستەڕوو كە دوای بەدواداچوونەكانیان بۆ پرسی فرۆشتنی كارگەی غازی هەولێر، دەركەوتووە كە تەنیا بەمەبەستی خەمڵاندن كارگەكەیان خستووەتە بازارەوە، هەروەها دەستەی بەڕیوەبەرانی كارگەی غازی هەولێر ڕەتیان كردووەتەوە بیانەوێت كارگەكەیان بە كەرتی تایبەت بفرۆشن".

ئەندامەكەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، "هاووڵاتییان پێشتر گلەیی و گازەندەیان لەسەر چۆنیەتیی كاری كارگەكە و داهاتەكەی هەبووە، بەو هۆیەشەوە دەستەی بەڕێوەبەرانی کارگەکە ئەو کارەیان کردووە هەتا بزانرێ تا چەند جیاوازی لە نێوان كەرتی تایبەت و گشتیدا دەبێت، هەم لە چۆنیەتیی مامەڵەكردن و هەم لەڕووی داهاتەوە، گوتیشی "لەلایەن پارێزگای هەولێرەوە ئاگادار كراونەتەوە، لە كاتێكدا بیانەوێت كارگەكە بفرۆشن، یان بیخەنە موزایدەوە، ئەبێ بۆ ئەو پرسە بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی پارێزگا".

پێشتر پرسی فرۆشتنی كارگەی غازی هەولێر هاووڵاتیانی دانیشتووی شارەكەی نیگەران كرد، بەو هۆیەوە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پرسی فرۆشتنی كارگەكەی خستە بەرباس و گفتوگۆ و لێژنەی بۆ بەدواداچوون لە هۆكارەكان پێكهێنا.






باسنیوز
Top