بەهۆی خواردنی چێشتخانەیەکی هەولێر 80 کەس ژەهراوی دەبن
لە چێشتخانەیەکی هەولێر، 80 کەس ژەهراوی دەبن و گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕای دەگەیەنێت، سزای ئەو چێشتخانەیە دەدەن.
ئەمڕۆ شەممە 15/4/2017، بێلان محێدین، یەکێک لەو کەسانەی تووشی ژەهراویبوون هاتووە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 12/4/2017، لەگەڵ هاوسەرەکەی، چوونەتە چێشتخانەیەکی گەورە و ناسراوی شاری هەولێر لەسەر شەقامی 60 مەتری کە ناوەکەی لای (باسنیوز) پارێزراوە. گوتیشی: ”ڕۆژی دواتر تووشی حاڵەتێکی نامۆ بووین، ڕشانەوەیەکی توندمان گرت و کاریگەریی ژەهراویبوون بەسەر خۆم و هاوسەرەکەم دەرکەوت“.
بێلان محێدین کە پیشەی خۆی یاریدەدەری پزیشکی دەرمانسازییە، ئەوەشی ڕوون کردەوە کە کاتێک پزیشکەکان پشکنینیان بۆ کردوون، پێیان گوتوون کە ئەوان 80 کەسن و سەرجەمیان لە هەمان چێشتخانەدا نانیان خواردووە. ئاماژەشی بەوە کرد: ”تاوەکوو ئێستاش کاریگەریی ژەهراویبوونەکەمان لەسەر ماوە و دکتۆرەکان پێیان گوتین کە گەدەتان تووشی ڤایرۆس بووە بەهۆی خواردنەکەوە“.
هەر لەمبارەیەوە د. خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندرووستی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”دوای ڕووداوەکە، تیمی چاودێریی تەندرووستی سەردانی ئەو چێشتخانەیان کردووە، نموونەی خۆراکەکەیان وەرگرتووە و دەرکەوتووە کە حاڵەتەکە ژەهراویبوون بووە“. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سزای شوێنەکە ”داخستن دەبێت و لێپێچینەوەی دیکە بە گوێرەی لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان لەگەڵ شوێنەکە دەکرێت“.
bas news-
