بارزانی بۆ مەسیحییەکان: لە دیاریكردنی چارەنووسی كوردستان بەشداردەبن

بارزانی بۆ مەسیحییەکان: لە دیاریكردنی چارەنووسی كوردستان بەشداردەبن
مەسعود بارزانی، سەرۆكی كوردستان بەبۆنەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح پەیامێک ئاراستەی مەسیحییەکان دەکات و دەڵێت "لە دیاریكردنی چارەنووسی كوردستان بەشداردەبن ".

لە پەیامەکەدا بارزانی پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو مەسیحییەكانی كوردستان و عێراق و سەرتاسەری جیهان دەكات و دەڵێت "هیوادارم هەموو جەژنەكانتان لە خۆشی و شادی و كامەرانیدا بگێڕن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، جەژن و بۆنە ئایینییەكان لە كوردستان جەختكردنەوەن لە پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و برایەتی. دەشڵێت "جێگەی شانازییە لە وڵاتەكەمان فەرهەنگی پێكەوەژیان و ئازادی رەگوڕیشەی مێژوویی هەیە و كوردستان لە ئاستی جیهانیدا نموونەیەكی درەوشاوەیە. ئەركی سەرشانی هەموو لایەكمانە ئەو فەرهەنگە پەرە پێبدەین و بپارێزین".

بارزانی باسی شەڕی داعش دەکات و رایدەگەیێنێت "سوپاس بۆ خودای مەزن تیرۆریستان لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكان تێكشكێندران و تیرۆر نەیتوانی برایەتی و یەكڕیزیی نێوان پێكهاتەكان تێكبدات. ئومێد دەكەم بەزووترین كات خوشك و برا مەسیحییەكانمان كە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە، بەسەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و ژیانێكی نوێ و ئاسوودە دەستپێبكەن".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت "لەم بۆنە پیرۆزەدا بە خوشك و برا مەسیحییەكانم رادەگەیێنم، كە ئێمە هەموومان لە یەك وڵاتدا دەژیین و چارەنووسێكی هاوبەشمان هەیە، ئێوەیش بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستانن و بەشداردەبن لە دیاریكردنی چارەنووس و پیادەكردنی مافە رەواكانی گەلی كوردستان".
Top