بارزانی: تیرۆریستان لەسەر دەستی پێشمەرگە تێکشکێندران
مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح بڵاو کردەوە و تێیدا ئەوەی ڕاگەیاند کە مەسیحییەکان بەشێکی ئازیزی گەلی کوردستانن. جەختیشی لەوە کردەوە کە تیرۆر سەرەڕای هەوڵەکانی، نەیتوانیوە برایەتی و یەکڕیزیی نێوان پێکهاتەکان تێک بدات.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بارزانی ئاماژەی بە تێکشکاندنی داعش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ”تیرۆریستان لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکان تێکشکێندران“.
ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قیامەی حەزرەتی مەسیح (سڵاوی خوای لێ بێت)، پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی هەموو خوشك و برا مەسیحییەكانی كوردستان و عێراق و سەرتاسەری جیهان دەكەم. هیوادارم هەموو جەژنەكانیان لە خۆشی و شادی و كامەرانیدا بگێڕن.
جەژن و بۆنە ئایینییەكانی پێكهاتە ئایینییەكانی كوردستان جەختكردنەوەیە لە پەیامی ئاشتی و پێكەوەژیان و برایەتی. جێگەی شانازییە لە وڵاتەكەمان فەرهەنگی پێكەوەژیان و ئازادی ڕەگوڕیشەی مێژوویی هەیە و كوردستان لە ئاستی جیهانیدا نموونەیەكی درەوشاوەیە و ئەركی سەر شانی هەموو لایەكمانە ئەو فەرهەنگە پەرە پێبدەین و بپارێزین.
سوپاس بۆ خودای مەزن تیرۆریستان لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكان تێكشكێندران و تیرۆر نەیتوانی برایەتی و یەكڕیزیی نێوان پێكهاتەكان تێكبدات. ئومێد دەكەم بە زووترین كات خوشك و برا مەسیحییەكانمان كە ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە بە سەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و ژیانێكی نوێ و ئاسوودە دەست پێ بكەن.
لەم بۆنە پیرۆزەدا بە خوشك و برا مەسیحییەكانم ڕادەگەیێنم كە ئێمە هەموومان لە یەك وڵاتدا دەژیین و چارەنووسێكی هاوبەشمان هەیە و ئێوەیش بەشێكی ئازیزی گەلی كوردستانن و بەشدار دەبن لە دیاریكردنی چارەنووس و پیادەكردنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان.
بمێنن بە خێر و خۆشی و هیوای ئاشتی و ئاسوودەیی بۆ هەموو لایەكتان دەخوازم
مسعود بارزانی
15ـی 4ـی 2017
باسنيوز
