خورماتوو.. لە نێوان حەشدی شەعبی و چەکدارانی داعش پێكدادان ڕووی دا
محەمەد فایەق، بەرپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو لەم بارەوە ڕایگەیاند: "جموجۆڵەكانی داعش لە ناوچەكەدا هێزەكانی حەشدی شەعبی تووشی ترس و دڵەڕاوكێ كردووە، بەو هۆیەشەوە چەندین جار پێكدادان لە نێوانیاندا ڕووی داوە، شەوی هەینی لەسەر شەممە (14 لەسەر 15ی 4ی 2017 ) لە سنووری شارەدێی ئامرلی پێكدادان لە نێوان میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و چەكدارانی داعش ڕووی دا، بەڵام تا ئێستا ڕێژەی زەرەر و زیانەكان نازانرێت".
بەپرسی ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی خورماتوو ئەوەشی خستەڕوو، "چەكدارانی داعش بە دووریی 20 كیلۆمەتر لە هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە جێگیر کراون، زۆر جاریش چەكدارانی داعش بەهۆی هەڵكردنی لایتی ئۆتۆمبێلەكانیان، یان تەقەكردن لە چەكدارانی حەشدی شەعبی گێچەڵ و پێكدادان دروست دەكەن، ئەمەش ترس و دڵەڕاوكێی لای میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دروست كردووە."
باسنیوز
