شارەزایەکی ئابووری: زۆربەی پرۆژە نیوەچڵەکانی هەرێمی کوردستان دەخرێنەوە گەڕ
د.ئاراس خۆشناو، لەم بارەوە گوتی: "لەمەودوا نەوتی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ بە بۆرسەی جیهان دەڕوات، چونکە جاران لەڕێگەی کۆمپانیاکانەوە دەگەیشتە بۆرسەی جیهان و ئیتر لەمەودوا ئەو تاکتیکە نامێنێت، ئەوەش جێگەی خۆشحاڵییە کۆمپانیایەکی ڕووسی بەناوی (روس نهفت)بڕیاری داوە راستەوخۆ نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکات و پێشوەختەش بڕی 3 ملیار دۆلار بداتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو پرۆژانەی راوەستاون، سەرلەنوێ بخرێنەوە گەڕ، بەڵام چۆن دەدرێت و بە چ شێوەیەیەک دەینێرن، ئەوە دەگەڕێتەوە سەر هەدروولا، واتە لایەنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆمپانیای ڕووس نەفت".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەو پارەیە کە دێت بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژانەیە کە راوەستان، بە گوێرەی ئاماری حکوومەت تا ئێستا 3600 پرۆژەی حکوومی و هەزار پرۆژەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان وەستاون کە سەرجەم هۆکارەکانی راوەستانی ئەو پرۆژانە بەهۆی قەیرانی داراییەوە بووە، پرۆژەکان لە 80% تەواو بوون و ئەگەر کاریان لەسەر نەکرێت، تێک دەچن، بۆیە ناردنی ئەو پارەیە زۆر گرنگە کە ئەمەش کاریگەریی لەسەر جووڵەی بازاری کوردستان دەبێت، چونکە ئەو پارە قەرزی کۆمیانیاکانی پێ دەدرێتەوە و کۆمپانیای وا هەیە لەگەڵ چەندین کەس گرێبەستی هەیە و ئەمە وا دەکات بازاڕ جووڵەی تێ بکەوێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی رێڕەوی ئابووری باش ببێت".
باسنیوز
