ڕۆژنامەیەکی تورکی: بارزانی و بەرپرسانی بەریتانیا گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کردووە

 ڕۆژنامەیەکی تورکی: بارزانی و بەرپرسانی بەریتانیا گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کردووە
رۆژنامەی (میللی) تورکی لە مانشێتی ئەمڕۆ شەممە 15/4/2017دا، وێنەیەکی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی لەگەڵ چەند بەرپرسێکی گەورەی بەریتانیا بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، وێنەکە کۆبوونەوەیەکی وەزیری دەرەوەی بەریتانیایە لەگەڵ بارزانی لەبارەی دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.

لە راپۆرتەکەی ڕۆژنامە تورکییەکەدا ھاتووە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە بارزانی سەرپەرشتی کردووە، ھەریەک لە تۆبیاس مارتین ئیلۆد، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ھەروەھا فرانک بەیکەر، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، بەشداری تێدا کردووە، تاوتوێی نەخشەیەکی نوێیان بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کردووە.

ھەروەکو لە وێنەکەدا دیارە، بارزانی و بەرپرسانی بەریتانیا نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیان لە پێشە و گفتوگۆی لە بارەوە دەکەن. بە گوێرەی زانیارییەکانیش، لە نەخشەی تازەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، دەوڵەتی کوردستان بوونی دەبێت.

ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە کە لیژنەی ئەمنی لە پەرلەمانی بەریتانیا باسی لە جوامێری و قارەمانیی پێشمەرگە کردووە و گوتوویانە پێشمەرگە یەکێک بووە لەو ھێزانەی کە توانویەتی شکۆی گرووپی تیرۆرستیی داعش بشکێنێت، بۆیە بڕیاریانداوە ھاوکاریی زیاتری پێشمەرگە بکەن.

هەر لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، بەریتانیا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی لە دوای جەنگی جیھانیی یەکەمدا، دەستێکی باڵای ھەبووە لە دووبارە کێشانی نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە ھەر بۆ خۆشی دەزانێت چۆن ئەو نەخشەیە دووبارە بکێشێتەوە کە کورد ئەمجارەیان لە بری ئەوەی پارچە پارچە بێت، بە نیازن خواستەکانیان بۆ دروستکردنی دەوڵەت بۆ جێبەجێ بکەن.

ھەروەھا ئاماژە بەوە دراوە: ”ھاتنی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بۆ لای سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ھەموو وڵاتە ئیسلامییەکانی دووچاری دڵەڕاوکێ کردووە“.












باسنيوز
Top