وەزیری شارەوانی: پلانمان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر ھاووڵاتییاندا ھەیە
نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: "پلانی دابەشکردنی زەوی بەسەر ھاووڵاتییانی ھەژار و کەمدرامەت و فەرمانبەراندا ھەیە، بۆ ئەو مەبەستەش ناوی 300 ھەزار ھاووڵاتی لە سەرجەم پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، کە پێشتر سوودمەند نەبوون لە دابەشکردنی زەوی، ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کراوە".
گوتیشی: "لە سەرەتای کابینەی 8ی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، ئەنجومەنی وەزیران داوای داتا و زانیاریی وردی لێ کردین، بۆ ئەوەی بزانرێت چەند ھاووڵاتی تا ئێستا سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەوی، وەک وەزارەتی شارەوانی سەرجەم وردەکارییەکان و کۆمەڵێک ڕێنماییمان خستە پێش ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام ئێستا چاوەڕوانی بڕیارین کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەربچێت، بۆ ئەوەی ئێمەش ئەو زەوییانەی لەبەردەستمانە، دابەشیان بکەین".
وەزیری شارەوانی گەشتوگوزار ھۆکاری دواکەوتنی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، کە ئەو ناوانەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران ڕەوانەیان کردوون "زۆرن".
باسنیوز
