لە گوندێکی پیران رێگای هاتووچۆی 40 خانەوادە گیراوە

لە گوندێکی پیران رێگای هاتووچۆی 40 خانەوادە گیراوە
لە ئەنجامی زۆری بارانبارین و فشەڵبوونی خاک، 11 ستوونی کارەبا لە گوندی کاکلە-ی سەر بە شارۆچکەی پیران کەوتن، رێگەی هاتووچۆی 40 خانەوادەی گوندەکەش بەهۆی رووخانی پردی گوندەکە گیرا.

بەهۆی بارانبارین، شەوی رابردوو خاکەکە فشەڵ بوو، لەئەنجامدا 11 ستوونی کارەبا رووخان، ئەگەر وایەرەکانیان نەبڕیبان ستوونەکانی دیکەی کارەباش هەموویان دەکەوتن.

دانیشتووانی گوندی کاکلە گوتی "لەو گوندەی ئێمەدا 40 خێزان نیشتەجێن، بەڵام پردی گوندەکەمان رووخا و، رێگای هاتووچۆمان لێگیراوە، لەکاتێکدا چەند کەسێکمان نەخۆشن و پێویستییان بەوەیە بچنە نەخۆشخانە".

رووخانی پرد و ستوونەکانی کارەبای ئەو گوندە لەکاتێکدایە، هەر بەهۆی لافاوەوە ئەمڕۆ لە گوندی باڵەکیان پیاوێک کەوتە نێو ئاوی رووبار و گیانی لەدەستدا، هەروەها 15 کەسی دیکە کە بەمەبەستی کردنی گیابەهارییەکان چووبەنە گوندێکی پیران گیریان خواردووە و، لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە داوای هاوکارییان کرد.

سەبارەت بە رێژی بارانبارینی 24 كاژێری رابردوو لە پارێزگاكانی باشووری كوردستان، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە هەولێر 15.3 ملیم، لە سلێمانی 23.7 ملیم، لە دهۆك 43 ملیم ‌و، لە كەركووك 15.2ملیم باران باریوە، بەڵام لە هەڵەبجە بڕیکی زۆر کەم باران باریوە".




رووداو
Top