ئیدارەی گەرمیان: داواكارین هەوڵەكان بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال چڕ بكرێتەوە

ئیدارەی گەرمیان: داواكارین هەوڵەكان بۆ بە جینۆساید ناساندنی ئەنفال چڕ بكرێتەوە
لە میانەی وتاری ڕێوڕەسمی 29هەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفال لە گوندی دێبنەی سەر بە شارەدێی ڕزگاری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ڕای گەیاند پێویستە هەوڵەكان بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانی ئەنفال چڕ بكرێتەوە.



سەلاح كوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان لە وتاری مەراسیمەكەدا ڕای گەیاند: "جێگەی داخە تاكوو ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەنفالی بە جینۆساید نەناساندووە، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵەكان یەك بخرێت و كاری جددی بكرێت بۆ بە جینۆساید ناساندن تاوانی ئەنفال".



گوتیشی: "داواكارین حكوومەتی عێراق كە میراتگری حكوومەتەكانی پێش خۆیەتی، قەرەبووی كەسوكاری ئەنفالكراوان بكاتەوە، داواش دەكەین حكوومەتی هەرێمی لەسەر ئاستی پەروەردە و زانكۆكان تاوانی ئەنفال بخاتە پرۆگرامەكانی خوێندنەوە لەپێناو باشتر خزمەتكردنی كەیسی ئەنفال و، چەندین ناوەندی توێژینەوە و لێكۆڵینەوە بۆ كاركردن لەسەر تاوانی ئەنفال دروست بكات".



سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان داواشی كرد: "كە دەبێت حكوومەت كاری باشتر و جددیتر بكات بۆ باشتركردنی ژیانی كەسوكاری ئەنفالكراوان".
bas news-
Top