مستەفا ئۆزجەلیک: وڵاتانی جیهان ئامادەن بۆ سەربەخۆییی کوردستان و قه‌بووڵی دەکەن

مستەفا ئۆزجەلیک: وڵاتانی جیهان ئامادەن بۆ سەربەخۆییی کوردستان و قه‌بووڵی دەکەن


سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان– باکوور، (مستەفا ئۆزجەلیک) دەڵێت، ئه‌ستەمە کورد لەگەڵ عێراقدا بمێنێتەوە و پێویستە ڕیفراندۆم بکات، چونکە جیهان سەربەخۆییی کوردستانی قبووڵە. دەشڵێت، کە مێژوو باسی سەربەخۆییی کوردستان دەکات، ناوی کوردستان و (بارزانی) لەگەڵ یەکتر دەنووسێت.



مستەفا ئۆجەلیک، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان– باکوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانى ڕاگه‌یاند :" سەربەخۆییی کوردستان، مافێکی ڕەوای گەلی کورد و کوردستانە، ئەمە داخوازییەکی سیاسیی کۆنە و بووەتە پێویستیی مان و نەمانی گەلی کورد و، کوردەکانی كوردستانى باشوور ناتوانن بەبێ سەربەخۆبوون بژین".



هه‌روه‌ها گوتیشی :"، دەوڵەتێک بە ناوی عێراق نەماوە و حکوومەتی بەغدا مافەکانی کورد پێشێل دەکات، ماددەی ١٤٠ جێبەجێ ناکات، مووچە و بوودجەی خەڵکی كوردستانى باشووری بڕیوە و پێویستییەکانی پێشمەرگە دابین ناکات. عێراق دەیەوێت فیدراڵییەکە لەناو ببات، لە ڕەوشێکی ئاوهادا مانەوە لەگەڵ عێراق، ستەم و ناحەقییە و بریاری سەربەخۆیی، بڕیارێکی مێژوویی و پیرۆزە''.



سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان– باکوور، دەشڵێت : '' پێویستە کەرکووک و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بگەڕێنەوە باوەشێ هەرێم و سەربەخۆیی ڕابگەیەنرێت، سەربەخۆییی كورستانى باشوور دەستپێکە بۆ ئازادیی تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستان، ڕێککەوتنی نێوماڵی لایەنەکانی کوردستانی باشووریش دەستپێکێکە بۆ سەربەخۆیی، پێویستە پرسەکان لەگەڵ بەغدا بە ڕێککەوتن و ئاشتییانە چارە بکرێن و سەربەخۆیی ڕابگەیەنرێت.''



ئەگەر هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی کرد، هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهان بۆ ئەو پرسە چی دەبێ؟ لە وەڵامدا (مستەفا ئۆزجەلیک) دەڵێت: ''وڵاتانی جیهان ئامادەن بۆ سەربەخۆییی کوردستان و قه‌بووڵی دەکەن و کوردستانیش دەتوانێت بە دەوڵەمەندیی ژێر زه‌وى و سەر زه‌وى و کشتوکاڵ و وزە و سرووشتی خۆی، ببێتە وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەند و لەنێو جیهانیشدا ناوبانگی هەبێت. ئێستا کوردستان لەڕووی کارگێڕی و سیاسی و سەربازی و دیپلوماسییەوە لە جیهاندا بۆنی دەوڵەتی لێ دێت''.



(مستەفا ئۆزجەلیک)، دەربارەی هەوڵەکانی مه‌سعود بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان ڕایگەیاند : '' (سەرۆک بارزانی)، لەگەڵ ژیانێکی بەژان و خەم بەرخۆدان و تێکۆشانێکی دوورودرێژ کردووە، لە کاتی هاتنی ڕێکخراوی داعشدا وەک فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە بەرگریی کرد، لەڕووی سەربەخۆییشەوە، وەک پێشمەرگە و ڕێبەرێك ڕۆڵێکی مێژوویی دەگێریت، دڵسۆزی و خۆڕاگری و بڕیاردەری و ڕۆحی کوردستانیی بارزانی، نەک بەتەنیا لە باشووری کوردستان، بەڵکو بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردەکانی هەرچوار پارچەی کوردستانی گەشتر کردووە. دواتر کە مێژوو باسی سەربەخۆییی کوردستان دەکات، ناوی کوردستان و (بارزانی) لەگەڵ یەکتر دەنووسێت.''



(ئۆزجەلیک) لە باسی شنگالیشدا دەڵێت : '' شنگال لە دڵ و ناخی هەموو کورد و کوردستانییەکدا برینیکی قووڵە، پێشمەرگە بوێرانە شنگالیان لە بندەستی داعش ڕزگار کرد و تیرۆریان لە ناوچەکەدا تەفروتوونا کرد، ئێستاش کاتی ئەوەیە، کە شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان''.



دەربارەی بوونی چەکدارنی پەکەکەیش لە شنگالدا، (مستەفا ئۆزجەلیک) هۆشداری دایە پەکەکە، کە شوێنی ئەوان شنگال نییە و لەوێدا پشێوی دەنێنەوە و ئاژاوە دروست دەکەن. بوونی پەکەکە لە شنگال بۆ سەربەخۆیی لە کوردستانى باشوور ئاستەنگی و ناخۆشی دەردەخات، پێویستە پەکەکە ڕێز لە حکوومەت و پەرلەمان بگرێت و لە شنگال بکشێتەوە. گوتیشی :" پەکەکە بۆ هاوکاری چووبووە شنگال، بەڵام ئێستا پێشمەرگە لەوێیە و هیچ مەترسی نەماوە و پێویستە بکشێنەوە، حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە هاوکاریی پەکەکە سوپاسی کردن، بە هەرشێوەیەک بێت، ئەو ناوچانە بە خوێنی پێشمەرگەی قارەمان ڕزگار کراون و دەبێ پێشمەرگە بیانپارێزێت و نابێ بگەڕێنەوە بۆ سەر بەغدا".

bas news-
Top