هێزی فەرمی کریستیان و ئێزیدی و عەرەب وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتییان دەکات

هێزی فەرمی کریستیان و ئێزیدی و عەرەب وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتییان دەکات



دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند پاش شەڕی تیرۆریستانی داعش هێزی فەرمی کریستیان و ئێزیدی و عەرەب دامەزراوە کە وەزارەتی پێشمەرگە سەرپەرشتییان دەکات

لە دوای رووخانی رژێمی سەدام و هاتنی داعش و زۆربوونی هێرشە تیرۆریستییەکان دژی کەمایەتییە ئایینی و مەزهەبییەکانی عێراق زۆربەی زۆریان روویان لە هەرێمی کوردستان کرد و بە پەناگەی ئارامی خۆیان زانیوە کە هەموو پێکهاتەکان دەتوانن بە ئازادی تێیدا بژین و رێورەسمە ئایینییەکانی خۆیان ئەنجام بدەن، بەڵام چەند راپۆرتێکی نێودەوڵەتی بەبێ پشت بەستن بە سەرچاوەی درووستی هەواڵەکانیان باس لە بوونی پێشێلکاری و جیاوازی دەکەن لەنێوان پێکهاتە ئایینی و مەزهەبییەکانی کوردستان.

لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند هەرێمی کوردستان هەمیشە ئەو شوێنە بوو کە پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بە شوێنێکی ئارامیان زانیوە بۆ ئەوەی بە یەکسانی تێیدا بژین بۆیە بە وڵاتی پێکەوەژیانیان ناوبردووە بۆیە کەمایەتییە ئایینی و مەزهەبی و ئیتنییەکانی عێراق، هەرێمی کوردستانیان بە تاکە شوێن زانیوە لە سەرتاپاى عێراق کە تیایدا بە ئاسوودەیى بژین و سەر و ماڵیان پارێزراو دەبێت. هەروەها هەست بە هیچ جۆرە جیاوازییەک ناکەن لە رووی نەتەوە و ئایین و مەزهەب و گشت مافێکیان پارێزراوە. بۆ نموونە کۆمەڵگایەک لە ساڵی ١٩٧٨ لەسەر زەوی گوندی (گاڤانا) لە دهۆک کە زەوی برا کریستیانیەکان بووە درووستکراوە بۆ راگواستنی خەڵکی چۆمان، نیازی رژێمی بەعس لەم کارە نانەوەی ئاژاوە لە نێوان موسڵمان و کریستیانیەکان بوو، کۆمەڵگایەکی بۆ موسڵمانان لەسەر زەوی برا کریستیانیەکان درووستکردووە سەرەڕای ئەمەش حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روانگەی رێزگرتن لە ئایین و نەتەوەکانی دیکە لیژنەیەک بۆ داواکاری ئەم برا کریستیانانە پێکهێنرا و پێشنیاریان پێشکەش کردووە کە وەک حاڵەتێکی (استثناء) زەوی ئەم برا کریستیانانەی لە ناوچەکە بۆیان بگەڕێتەوە و داوا لە ئیدارەی پارێزگای دهۆک کراوە کە جێبەجێی بکات.

زێباری ئەوەشی خستە روو کە لە ساڵی ١٩٩٢ دوای راپەرین رێنمایی تایبەت بەو گوندانەی کاول کراون دەرچوو کە بە رێنمایی ژمارە (٢)ی ساڵی 1992 ناسراوە و تیایدا هاتووە: زەوی بدرێتە ئەو جوتیارانەی پێش کاولکردن لە گوند زەویان لەبەر دەستدا بووە بەو مەرجەی ئامادە بێت لەبەردەم لیژنەی لێکۆڵینەوە و لە ساڵی ١٩٩٦ لیژنە لەم گوندە دەست بەکاربووە و ئەو جوتیارانەی ئامادە بوون زەوییان پێدراوە لە مەسیحی و موسڵمان بەڵام لە کاتی دابەشکردنی زەوییەکاندا هەندێک زەوی زیادی کردووە لەبەر ئەوەی ژمارەیەک لە مەسیحی و موسڵمانەکان لەبەردەم لیژنە ئامادە نەبوونە، ئەوا زەوییەکان دراوەتە ئەوانەی ئامادە بوون لەبەردەم لیژنە، لە ئەنجامدا (٣٦) کەس لەو جوتیارانە پێشتر کاری جوتیارییان کردووە رۆڵەکانیان زەوییان پێدراوە.

سەبارەت بە بەشداری کردنی کەمایەتییەکان لە شەڕی بەرگری دژی داعش و رزگار کردنەوەی ناوچەکانیان زێباری وتی: لە ساڵی 2014 و پاش شەڕی تیرۆریستانی داعش و هێرشیان بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان هێزی فەرمی و تایبەتی کریستیان و ئێزیدییەکان دامەزراوە کە لەژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگەیە، هەروەها بەم دواییە هێزی بەرگری لە ئێزیدخانە خراوەتە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە کە لە نزیکەی (٤٠٠٠) پێشمەرگە پێکهاتوون، وەزارەتی پێشمەرگەوە سەرپەرشتییان دەکات و ڕاهێنان و چەک و پێداویستیی سەربازیشیان بۆ دابین دەکات ، بۆ ئەوەی خۆیان بەرگری لە ناوچەکانی خۆیان بکەن و بەشداری بکەن لە رزگار کردنەوەی ناوچەکانیان، چونکە زۆربەی ئەو ناوچانەی کە کریستیان و ئێزیدییەکان تێیدا نیشتەجێ کراون دەکەونە سنووری ناوچە کێشە لەسەرەکانەوە.

سەبارەت بە رۆڵی عەرەبەکانی ناوچەکە زێباری ئەوەی خستە روو کە ئەوانیش وەک پێکهاتەکانی دیکە مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە و لەم بارەوە زیاتر وتی: بەم دواییە لەسەر داواکاری عەرەبەکانی ناوچەکە بەتایبەتی رۆژئاوای موسڵ، وەزارەتی پێشمەرگە لیوایەکی تایبەتی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە دامەزراندووە بەناوی لیوای (رۆژئاوای دیجلە) کە گشت پێدوایستییەکانیان لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ دابین دەکرێت و لە (٢٠٠٠) کەس پێکدێت لە خەڵکی ناوچەکانی زوممار، رەبیعە، عەیازییە، و بەشێک لە شنگال، خولی یەکەمی مەشقی (لیوای رۆژئاوای دیجلە) بە بەشداری 954 پێشمەرگە کۆتایی هات و ئەرکیان پاراستنی ناوچەکانیانە دوای کۆتایی هاتنی داعش و رێگا گرتن لە هەر هێرشێکی دیکەی هاوشێوەی داعش بۆ سەر ناوچەکانیان. گشت ئەم هێزانە لە دوای پرۆسەی ڕزگارکردنی موسڵ ڕۆڵێکی گرنگیان لە ئازادکردنەوەی ناوچەکانیاندا هەبووە، بەتایبەتی لە شەڕەکانی ڕۆژئاوای شاری موسڵ و باشیک و سنووری شنگال و ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ئێزیدی و کریستیانەکان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، بۆ ئەوەی پێوەندی بە هێزەکانەوە بکەن، بەڵام تۆمارکردنی ناوەکانیان بەهۆی قەیرانی دارایی حکوومەتی هەرێمەوە وەستاوە.

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە بابەتی پێکەوەژیانی نێوان ئایین و پێکهاتەکان دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی جگە لە موسڵمانان گشت پێکهاتە ئایینییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتی تایبەت بە خۆیان هەیە لەوانەش ( ئێزیدی، کریستیان، جوو، کاکەیی، زەردەشتی، بەهائی) بۆ راپەراندنی کاروبارەکانیان بەوپەڕی ئازادی و دوور لە هەر دەستێوەردانێک، ئەمەش یەکێکە لە کارە گرنگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پتەو کردنی گیانی تەبایی و پێکەوەژیان لە نێوان پێکهاتەکانی هەرێم.

payamner-
Top