مستەفا ئۆزجەلیک: کە مێژوو باسی سەربەخۆییی کوردستان دەکات، ناوی کوردستان و بارزانی لەگەڵ یەکتر دەنووسێت
عێراق بۆ هەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیان و شەراکەت نییە، چونکە ئەو حوکمڕانییەی لە بەغدا دەکرێت، دژ بە سیاسەتی هەرێمی کوردستان دەجووڵێتەوە، بۆیە ئێستا کورد داوای دیاریکردنی چارەنووسی خۆی دەکات و لە دەستپێکیشدا هەنگاوی ڕیفراندۆم دەگرێتەبەر. سەبارەت بەم پرسە، سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان–باکوور، (مستەفا ئۆجەلیک)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''سەربەخۆییی کوردستان، مافێکی ڕەوای گەلی کورد و کوردستانە، ئەمە داخوازییەکی سیاسیی کۆنە و بووەتە پێویستیی مان و نەمانی گەلی کورد و، کوردەکانی باشووری کوردستان ناتوانن بەبێ سەربەخۆبوون بژین و، دەوڵەتێک بە ناوی عێراق نەماوە و حکوومەتی بەغدا مافەکانی کورد پێشێل دەکات، ماددەی ١٤٠ جێبەجێ ناکات، مووچە و بوودجەی خەڵکی باشووری کوردستانی بڕیوە و پێویستییەکانی پێشمەرگە جێبەجێ ناکات. عێراق دەیەوێت فیدراڵییەکە لەناو ببات، لە ڕەوشێکی ئەوهادا مانەوە لەگەڵ عێراقدا ستەم و ناحەقییە و، بریاری سەربەخۆیی، بڕیارێکی مێژوویی و پیرۆزە.''
سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان–باکوور دەڵێت: ''پێویستە کەرکووک و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بگەڕێنەوە باوەشێ هەرێم و سەربەخۆیی ڕابگەیەنرێت، سەربەخۆییی باشووری کوردستان دەستپێکە بۆ ئازادیی تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستان، ڕێککەوتنی نێوماڵی لایەنەکانی باشووری کوردستانیش دەستپێکێکە بۆ سەربەخۆیی، پێویستە پرسەکان لەگەڵ بەغدا بە ڕێککەوتن و ئاشتییانە چارە بکرێن و سەربەخۆیی ڕابگەیەنرێت.''
ئەگەر هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمی کرد، هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیهان بۆ ئەو پرسە چی دەبێ؟ لە وەڵامدا (مستەفا ئۆزجەلیک) دەڵێت: ''وڵاتانی جیهان ئامادەن بۆ سەربەخۆییی کوردستان و قبووڵی دەکەن و کوردستانیش دەتوانێت بە دەوڵەمەندیی ژێرئەرد و سەرئەرد و کشتوکاڵ و وزە و سرووشتی خۆی، ببێتە وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەند و لەنێو جیهانیشدا ناوبانگی هەبێت. ئێستا کوردستان لەڕووی کارگێڕی و سیاسی و سەربازی و دیپلوماسییەوە لە جیهاندا بۆنی دەوڵەتی لێ دێت.''
(مستەفا ئۆزجەلیک) دەربارەی هەوڵەکانی (سەرۆک بارزانی) بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان ڕایگەیاند: ''(سەرۆک بارزانی)، لەگەڵ ژیانێکی بەژان و خەم بەرخۆدان و تێکۆشانێکی دوورودرێژ کردووە، لە کاتی هاتنی ڕێکخراوی داعشدا وەک فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە بەرگریی کرد، لەڕووی سەربەخۆییشەوە، وەک پێشمەرگە و ڕێبەرێك ڕۆڵێکی مێژوویی دەگێریت، دڵسۆزی و خۆڕاگری و بڕیاردەری و ڕۆحی کوردستانیی (سەرۆکی بارزانی)، نەک بەتەنیا لە باشووری کوردستان، بەڵکو بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردەکانی هەرچوار پارچەی کوردستانی گەشتر کردووە. دواتر کە مێژوو باسی سەربەخۆییی کوردستان دەکات، ناوی کوردستان و (بارزانی) لەگەڵ یەکتر دەنووسێت.''
(ئۆزجەلیک) لە باسی شنگالیشدا دەڵێت: ''شنگال لە دڵ و ناخی هەموو کورد و کوردستانییەکدا برینیکی قووڵە، پێشمەرگە بوێرانە شنگالیان لە بندەستی داعش ڕزگار کرد و تیرۆریان لە ناوچەکەدا تەفروتوونا کرد، ئێستاش کاتی ئەوەیە، کە شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان.''
دەربارەی بوونی چەکدارنی پەکەکەیش لە شنگالدا، (مستەفا ئۆزجەلیک) هۆشداری دایە پەکەکە، کە شوێنی ئەوان شنگال نییە و لەوێدا پشێوی دەنێنەوە و ئاژاوە دروست دەکەن. بوونی پەکەکە لە شنگال بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان ئاستەنگی و ناخۆشی دەردەخات، پێویستە پەکەکە ڕێز لە حکومەت و پەرلەمان بگرێت و لە شنگال بکشێتەوە. پەکەکە بۆ هاوکاری چووبووە شنگال، بەڵام ئێستا پێشمەرگە لەوێیە و هیچ مەترسی نەماوە و پێویستە بکشێنەوە، حکوومەتی هەرێم سەبارەت بە هاوکاریی پەکەکە سوپاسی کردن، بە هەرشێوەیەک بێت، ئەو ناوچانە بە خوێنی پێشمەرگەی قارەمان ڕزگار کراون و دەبێ پێشمەرگە بیانپارێزێت و نابێ بگەڕێنەوە بۆ سەر بەغدا.''
kdp-
