بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگا: "چاوەڕێی کۆمیتەی ڕیفڕاندۆمین بۆ یەکلاکردنەوەی چاره‌نووسی کەرکووک"

 	 بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگا:
بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ده‌ڵێت، ئەوان بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفڕاندۆم چاوەڕێی کۆمیتەی ھەرێمی کوردستانن و گوتی، ئەگەر ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا ڕیفڕاندۆم بکات، پێویستە چاره‌نووسی کەرکووکیش یەکلا بکرێتەوە، کە ئاخۆ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لە ڕیفراندۆمەکەدا بەشدار دەبێت، یان دواتر بۆ گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر ھەرێمی کوردستان ڕاپرسی دەکرێت.

(ئەلماس فازڵ) بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێمە وەک ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بڕیاری خۆمان دەربارەی گەڕانەوەی پارێزگای کەرکووک بۆ سەر ھەرێمی کوردستان دەرکردووە و لێی پاشگەز نابینەوە، بەڵام چاوەڕێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردین، بۆ ئەوەی ئەوان بۆ جێبەجێکردنی ھەنگاوەکانی گەڕانەوەی کەرکووک بۆ سەر ھەرێمی کوردستان وەڵاممان بدەنەوە، چونکە گشت پێکھاتەکانی نێو لیستی برایەتی لەگەل ئەوەدان، کە باشترین چارەی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی کەرکووک، گەڕاندنەوەی کەرکووکە بۆسەر ھەرێمی کوردستان.''

بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەیشی دا كه‌ ئه‌وان چاوەڕێی ئەو کۆمیتەیەن، کە بڕیارە لە ھەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنی ھەنگاوەکانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم پێک بێت و گوتی، ده‌مانه‌وێ بزانین ئەوان چۆن ھەماھەنگی لەگەل ئێمەدا دەکەن و دەیانەوێت بۆ گەڕاندنەوەی کەرکووک و ئەنجامدانی ڕاپرسی لەنێو خەڵکی سنووری پارێزگای کەرکووکدا چی بکەن، کە دڵنیام دەنگی زۆرینەی خەڵکی کەرکووک لەگەڵ سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستانە.''

(ئەلماس فازڵ) هه‌روه‌ها گوتی: ''بۆ گەڕاندنەوەی کەرکووک دوو ڕێ ھەیە؛ یان دەبێ لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ڕیفڕاندۆم بکەین و بە یەکجاری بڕیار بدەین، یان دوای ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان بەجیا ڕاپرسی بۆ گەڕاندنەوەی کەرکووک بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بکرێت. ھەردوو ڕێیەکەش دروستن. بەڵام بزانین ھەرێمی کوردستان کامیان بەگونجاوتر دەزانێت.''

kdp-
Top