سەلاح دەلۆ: ڕۆژێک دێ ئەو عەقڵییەتە ترسناکەی بەغدا بۆ هەموولایەک روون دەبێتەوە

 	 سەلاح دەلۆ: ڕۆژێک دێ ئەو عەقڵییەتە ترسناکەی بەغدا بۆ هەموولایەک روون دەبێتەوە
(سەلاح دەلۆ)، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕۆژێک دێت، هەموو لایەک لە ڕاستیی ئەو عەقڵییەتەی بەغدا تێدەگەن و دەردەکەوێت کە چۆن لەژێر ناوی شەراکەتدا سیاسەتی هەڵە و قینەبەرایەتییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەڕێوەبرد.

(سەلاح دەلۆ)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی و بەرپرسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیانی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێستا پۆستەکانی کورد لە حکوومەتی عێراقدا نەماون و زۆربەی ئەو پۆستانەی بە شەراکەت و ڕێککەوتن وەرمانگرتبوون، بەهۆی ململانێی سیاسیی بەغداوە لە کورد وەرگیراونەتەوە. لەکاتێکدا بەغدا لەژێر ناوی شەراکەتدا بوودجەی کوردستانی بڕی، پارەی پێشمەرگەی نەدا، ئابڵوقەی لەسەر هەرێمی کوردستان کرد، هەوڵی دا بەشەدەرمانی کوردستان ببڕێت، پارەی گەنمی جوتیاران نەدات و دواتر سەرجەم یاسا گرینگەکانی بەناوی زۆرینەوە لە پەرلەمان بەسەر کورددا سەپاند، ئێستاش هەرڕۆژە و لەژێر ناوێکدا دەیەوێت تەحەدا لەسەر دامەزراوەکانی کەرکووک بکات، بۆیە بەغدا ئەم سیاسەتەی بۆ ناچێتە سەر. کاتی خۆی، دوای ڕووخانی حکوومەتی بەعس کارمان بۆ دووبارەبنیادنانەوەی عێراق کرد، بەڵام بۆ وەفای ئەو هەوڵانەمان، ساڵی ٢٠١٢ حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی (مالیکی) هەوڵی دا سوپا بێنێتە سەر ئەم شارە. دەبێ ئەو عەقڵییەتە لە بەغدا بگۆڕێت.''

(سەلاح دەلۆ) ئەوەشی خستەڕوو: ''شاندی ڕیفراندۆم سەردانی بەغدایان کردووە و لەسەر ئەو پرسە قسەیان لەگەڵ کردوون، گەلی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات. ئێستا هەندێک لایەنی عێراق هاتوونەتەوە سەرخۆیان و داوای دووبارەداڕشتنەوەی پێوەندیی هەولێر و بەغدا دەکەن. ئەی بۆچی ئەوکاتە کە بوودجەی کوردستان بڕا، ئەو هەڵوێستەیان نەبوو؟ ئێستاش جیا لە هەموو پرسەکان دەبێ خەڵک لەو عەقڵییەتەی بەغدا تێبگات، کە بۆ کوردستان چەند ترسناک بووە.''
kdp-
Top