دەستەی ناڕەزایی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبنەوە
محەمەد نەزیف قادری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) لەم بارەوە رایگەیاند: "دەرەنجامی کۆبوونەوەی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پرسی پرۆژەکەی دەوڵەتی یاسا تەواو بووە و سەرجەم لایەنەکان پرۆژەکەمان رەت کردووەتەوە و بە مەترسیی دەزانین بۆ داهاتووی کوردستان".
گوتی: "بڕیارە شاندی باڵای ناڕازی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرانبەر پرۆژەکەی دەوڵەتی یاسا، سەردانی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەناویاندا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکەینەوە لەوەی کە ئەوەی هەیە مەترسییە لەسەر هەرێمی کوردستان و داهاتووی کوردستان و ئەمە پرۆژەی بەشێک لە شیعەکانە لە ڕاستای بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکار دەهێنرێت".
ئەو ئەندام مەکتەب سیاسییەی (حدکا) ئەوەشی خستەڕوو، لەبەر ئەوەی لە بەرانبەر پرۆژەکە هەڵوێستیان توند بووە، دواجار توانرا ئەو پرۆژەیە بە مردوویی لەدایک ببێت، کە ئەمەش بۆ یەکدەنگی و هاوهەڵوێستیی لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە".
لە کۆتاییدا دەشڵێت: "جارێ نازانرێت کەی ئەو سەردانە دەکرێت".
باسنیوز
