بزووتنەوە: داواکارین لە بڕیاری چارەنووسی گەلی کوردستاندا پەلە بکرێت
عەبدوڵا وەرتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاند: "دەبێ لە کۆبوونەوەی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان پەلە بکرێت، لەبەر ئەوەی پرسی ئازادکردنی مووسڵ نزیک بووەتەوە کە دەبێت کورد قسەی خۆی لەو بارەوە هەبێت، لە هەمانکاتدا دەبێ لەسەر پرسی ڕیفراندۆم قسە لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بکرێت و لەبارەی پرسی پەیوەندی هەولێر و بەغداش دەبێ دووبارە پەیوەندییەکی نوێ دابڕێژرێتەوە".
لە درێژدا گوتی: "ئێمە هێشتا چاوەڕوانی ئەو پەیامەی بارزانین کە بتوانێت لەو ڕێگەیەوە حزبەکان پێش کۆتایی شەڕی مووسڵ پێکەوە بڕیار بدەن وەک قۆناغی یەکەم پارتی و یەکێتی سەردانی حزبەکانیان کردووە کارێکی باشە، بەڵام گرنگە لە قۆناغی دووەمدا خێرا حزبەکان کۆ بکرێنەوە و بڕیار لەسەر چارەنووسی داهاتووی گەلی کوردستان بدرێت".
ئەوەشی خستەڕوو، وەک بزووتنەوە پرۆژەیەکمان هەبووە بۆ دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش نەخشەڕێگایان هەبووە و یەکگرتوو ئیسلامیش بە هەمان شێوە دەکرێت لە چوارچێوەی ئەو پرۆژانەدا لێگەیشتنێک ئامادە بکەن".
باسنیوز
