سەعدی پیرە: پرسی ڕیفراندۆم دەبێت پەلەی تێدا بکرێت

سەعدی پیرە: پرسی ڕیفراندۆم دەبێت پەلەی تێدا بکرێت
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، دەبێ لەسەر پرسی ریفراندۆم پەلە بکرێت، چونکە چارەنووسی گەلی کوردستانی لەسەر بونیاد نراوە و دەبێ ئەو پرسە فەرامۆش نەکرێت.



سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ (باسنیوز) گوتی: "شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن و لەوێ قسە لەسەر هەموو شتێک دەکرێت، هەر لە کاراکردنەوەی پەرلەمانەوە تا ڕیفراندۆم و پرسی حکوومەت و گۆڕانکاری ناوچەکە".



ئەو سەرکردەیەی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد "پارتی هەندێک گلەیی لە گۆڕان هەیە و گۆڕانیش بە هەمان شێوە، بۆیە دەبێ هەردوولا دەرچەیەک بۆ گفتوگۆ بدۆزنەوە و دوای ئەوەی دەبێت حزبەکان دابنیشن و پەلە بکرێت لە پرسی ریفراندۆم کە ئێمە گەشبینن کە گفتوگۆکان دەرەنجامیان هەبێت و پێمان وایە دەبێ پەلە لەو پرسەدا بکرێت، چونکە گرنگە لەم قۆناغەدا گەلی کوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات".


ئەوەشی خستەڕوو، وەک یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەمانەوێت عاملێکی خێر بین بۆ نێوان حزبەکان، چونکە لەسەر هەموو پرسێک جیاوازیمان هەبێت، ناکرێت لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و پرسی دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان جیاوازییەکان هەبێت، بۆیە چاوەڕوانین پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵاممان بداتەوە بۆ ئەوەی ئێمەش وەڵامێکمان هەبێت تا سەردانی گۆڕان بکەین.
bas news-
Top