بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر: لێپێچینەوە لەوانە دەکەین کە پەلاماری فەرهاد پیرباڵیان داوە
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە کاتژمێر 9ی بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە 12/4/2017 پەلاماری فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و مامۆستای زانکۆ دراوە و لێکۆڵینەوەیان لەمبارەیەوە دەست پێ کردووە.
لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، تایبەت بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ڕووداوی پەلاماردانی فەرهاد پیرباڵ، کاتژمێر 9ی بەیانی ڕووی داوە، نەک ئەم ئێوارەیە، دیارە هۆکارەکە ئەوە بووە کە دکتۆر فەرهاد لاپتۆپێکی لێ دزراوە و ئەویش بۆ تۆمارکردنی سکاڵا چووەتە ئەو شوێنە، بەڵام لەوێ جنێوی زۆری داوە و کێشە و پەلاماردان دروست بووە“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”ئەو دوو کەسەی پەلاماری فەرهاد پیرباڵیان داوە و لێیان داوە، نەناسراونەتەوە و ئێستا لە ڕێگەی تۆمارە ڤیدیۆییەکانەوە هەوڵی ناسینەوەیان دەدەین، بە دڵنیاییەوە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت“.
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر بۆ (باسنیوز)ی ڕوون کردەوە کە بە مەبەستی ئەوەی ڕووداوەکە ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت، فەرهاد پیرباڵ لە بنکەی پۆلیسی خانەقا سکاڵای تۆمار کردووە و لێکۆڵینەوە لەمبارەیەوە دەستی پێ کردووە.
ڕۆژی چوارشەممە 12/4/2017، لەلایەن دوو کەسی چەکدارەوە لەنێو خەڵکی لە شاری هەولێر، پەلاماری فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و مامۆستای زانکۆ درا.
bas news-
