محەممەد کەمال: پاساوەکانی بەغدا لاوازن
(محەممەد کەمال) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە لە (٣٠-٨-٢٠٠٨)ـەوە داوامان کردووە کەرکووک بگەڕێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە ئەوکات، حکومەتی عێڕاق و پەرلەمانی کوردستانیش بەدەم داواکەمانەوە نەهاتن، هەڵبەت حەفتەیەک دوای بابەتی ھەوڵکردنی ئاڵای کوردستان، داوامان کرد کە ڕیفراندۆم بکرێت لە کەرکووک تا چارەنووسی ئەو پارێزگایە دیاری بکرێ، خۆی ڕیفراندۆم دیاری دەکات چۆن دەبێت، جا خەڵکی کەرکووک چۆن بڕیار دەدات لەسەر چارەنووسی خۆی، هەر بەو جۆرە دەبێت."
دوێنێ ١١-٤-٢٠١٧، (حەیدەر عەبادی)ـی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، ناکرێت راپرسی لە کەرکووک بۆ چوونە سەر ھەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، بەھۆی بوونی چەند ناوچەیەک بە دەستی داعشەوە و بوونی ئاوارەیەکی زۆر لەو پارێزگایە.
(محەممەد کەمال) لەمبارەوە گوتی: "(عەبادی) باس لەوە دەکات کە حەویجە ڕزگار نەبووە، ئێمەش دەپرسین ئایا ڕزگارکردنی حەویجە کاری ئێمەیە یان بەغدا؟، ئاخر وا بۆ سێ ساڵ دەچێت حەویجە داگیر کراوە لەلایەن داعشەوە، دەبوایە ئەوان ڕزگاریان بکردایە و ئەوە کاری ئێمە نییە، بۆیە ئەم پاساوەی (عەبادی) زۆر لاوازە. ئەوە ڕوونە کە ھەرکاتێک کورد داوای مافی خۆ بکات، حکوومەتی بەغدا بۆ ڕێگرتنی پاساو دێنێتەوە، عێڕاق لە وەتی دروست بووە لە تاوەکو ئەمڕۆ باوەڕی بەوەیە، کێشەکان لە دواخستن بۆ دواخستنێکی تر بە هەڵپەسێردراوی بهێڵێتەوە، بە کورتی باوەڕی بەوە نییە کێشەکان یەکلا بکاتەوە بەڵکە دەیەوێ کەڵەکە ببن و خۆیانی لێ بدزنەوە، پاساوەکانی بەغدا تەواو نابن."
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک جەختی کردەوە: "چاوەڕوانی ئەو لیژنانەین کە بۆ ڕیفراندۆم ھەرێمی کوردستان پێکیاندێنێ، ئێمە داوا دەکەین ئەو لیژنانە لە کەرکووکیش دروست بکرێن و ھاوشێوەی ھەر چوار پارێزگاکەی تری کوردستان ڕیفراندۆم لە کەرکووکیش ساز بدرێت."
فایزەکۆیی
kdp-
