خوێندنی باڵا گۆڕانکارى لە پڕۆگرامەکانى خوێندن لە بەشەکانى زانستە سیاسییەکاندا دەکات

خوێندنی باڵا گۆڕانکارى لە پڕۆگرامەکانى خوێندن لە بەشەکانى زانستە سیاسییەکاندا دەکات
وەزارەتی خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى گۆرانکاری لە بەشەکانى زانستە سیاسیەکان دەکات، بەشێوەیەک کە لەگەڵ زانستەکانى سەردەم و پێداویستییە درێژەخایانەکانى کۆمەڵگاى کوردیدا بگونجێ.

بەگوێرەی هەواڵی بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ چوارشەممە (١٢/٤/٢٠١٧)، لە میانەى سەرپەرشتیکردنى یەکەمین کۆبوونەوەى کۆمیتەى پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەکانى خوێندن لە بەشەکانى زانستە سیاسییەکان، (د.یووسف گۆران) ئەمەی راگەیاندووە.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە بەئامادەبوونى (د.شێرزاد نەجاڕ) ڕاوێژکارى خوێندنى باڵا لە سەرۆکایەتىی ئەنجومەنى وەزیران و، (م.فوئاد عەلى) یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى توێژینەوە و پەرەپێدان و، سەرۆکى بەشەکانى زانستە سیاسییەکان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەبارەى کێشە و گرفتەکانى بەشەکانى زانستە سیاسییەکان لە زانکۆکانى کوردستان کراوە و، دواتریش بڕیار لەسەر پێکهێنانى کۆمیتەیەکى باڵا درا بۆ دەستنیشانکردنى کێشە و گرفتەکانى بەشەکانى زانستە سیاسییەکان و، سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان، بەشێوەیەک لەگەڵ پێداویستییەکانى ئەمڕۆ و داهاتوى کۆمەڵگەى کوردى بگونجێ.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاندووە، پلانى ستراتیژى وەزارەتەکەیان وایە پێداچوونەوە بە بەشە زانستییەکان لە زانکۆکان بکەن، گوتیشى "هەنگاوەکانمان بۆ گۆڕانکارى لە بەشەکان، لە یاساوە دەستمان پێکرد و کۆمەڵێک گۆڕانکاریى گرینگمان کرد، ئێستا چەند کۆمیتەیەکى جیامان بۆ گۆڕانکارى لە کۆلێژەکانى خوێندنى ئیسلامى، پزیشکى و ئەندازیاری دەستپێکردووە."

(د.یووسف گۆران) دەڵێ، دوو ئامانجیان بۆ گۆڕانکارى لە بەشەکانى زانستە سیاسییەکان هەیە، ئامانجى یەکەم زانستییە و، دەیانەوێ ئاستى زانستى بەشەکانى زانستە سیاسییەکان بەپێى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان بەرز بکەنەوە، بەشێوەیەک خوێندکارانى زانستە سیاسییەکان ئاشناى نوێترین میتۆد و بابەتە زانستییەکانى بوارى سیاسەت بن، ئامانجى دووەمیش لەم گۆڕانکارییە ئەوەیە، چۆن بتوانن، لەوەشدا چەند ئامانجێکیان هەیە یەکەمیان زانستییە دوەمیان بۆ کۆمەڵگایە، چۆن بتوانن دەرچووانى زانستە سیاسییەکان ڕۆڵیان لە بەدیهێنانى ئامانجە درێژخایانەکانى کۆمەڵگا و نەتەوەی کورددا هەبێ.
kdp-
Top