حەسەن شەرەفی: وڵاتانی ئیقلیمی لە دۆخێکی لەباردا نین، کە بتوانن بڕیار بەسەر هەرێمدا بدەن
ئێستا هەرێمی کوردستان خۆی بۆ سازدانی ڕیفراندۆم ئامادە دەکات، پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی بەردەوامدان و بڕیارە بەم نیزیکانە کۆمیتەیەک لە پارتە سیاسییەکان بۆ سازدانی ڕیفراندۆم پێک بێت، سەبارەت بەم پرسە، (حەسەن شەرەفی)، جێگری سکرتێری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''ئێمە ڕاپرسی یان ڕیفراندۆم لە باشووری کوردستان لەپێناوی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، بە مافی خەڵکی باشووری کوردستان دەزانین و پشتیوانی لە داخوازییەکانیان دەکەین. ئەوانیش، خۆیان باش لەوە تێدەگەن کە کاتی ڕیفراندۆم هاتووە یان نا. مەبەست لەوەیە کە کاتەکەی گونجاوە یان گونجاو نییە. ئەگەر لەپێناوی یەکلاکردنەوەی گرفتەکانی کوردستاندا بێت، بێگومان پێشتر لەو بارەیەوە هەڵسەندگاندن کراوە، بۆچوون و ڕای وڵاتانی دەرەوە و واقعی هەرێمی کوردستانیان لێک داوەتەوە و سەرەڕای ئەوەی ناکۆکی و چەندبەرەیی لەنێوانیاندا هەبێت، بەڵام ڕەنگە وایان بەباش زانیبێت، لەسەر پرسە نەتەوەیییەکان بۆچوونەکانیان یەک بخەن، ئێمەش پێمان وایە، هەرکاتێک خوشک و براکانمان لەسەر ڕیفراندۆم بڕیار بدەن، دەبێ پشتیوانیی لێ بکرێت و ئێمە پشتویانییان لێ دەکەین و مافێکی ڕەوای خۆیانە.''
سەبارەت بە دەرفەتی ڕیفراندۆم کە ئێستا گونجاوە، بەتایبەت کە هەلومەرجی نێودەوڵەتی و ناوچەکە وای لێ دەخوێندرێتەوە، کە ئێستا بۆ ڕیفراندۆم تەوقیتێکی گونجاو بێت، (حەسەن شەرەفی) دەڵێت: ''دەبێ لەسەر هەلومەرجی نێودەوڵەتی هەڵوەستە بکرێت، چونکە ئەو پرسە ئەوەندەی پێوەندیی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەوەندە پێوەندیی بە وڵاتانی هەرێمییەوە نییە، بۆیە کاتێک ئەوان بڕیاری خۆیان بدەن، ئەوکاتە هەڵوێستەکان ڕوون دەبنەوە، کە چەند وڵات لەگەڵیدان و چەند وڵات لەگەڵیدا نین، چونکە تا ئێستا ڕیفراندۆم نەچووەتە هەنگاوی پراکتیکییەوە، بۆیە چاوەڕوانین، کە هەڵوێستی وڵاتان لەو بارەیەوە ڕوون ببنەوە و هەندێک وڵاتیش بۆچوونی فەرمیی خۆیان دەرنابڕن، تا ئەوکاتەی کوردستان بڕیاری خۆی دەدات، چونکە ئەوان چاوەڕوانی هەڵوێستی هەرێمی کوردستانن، بەڵام کاتێک پرسەکە کرا و کرایە پراکتیکی، ئەوکاتە ئەوانەی پشتیوانی لەو پرسە دەکەن، بە ڕاشکاوی قسەی خۆیان دەکەن.''
دەربارەی ئەوەی کە ئاخۆ دۆخی سیاسی و ئهمنیی ئەو وڵاتە دراوسێیانەی كوردستانیان بهسهردا دابهش كراوه، هاوكار دهبێت بۆ سازدانی ئهم ههنگاوهی ههرێمی كوردستان؟ (حەسەن شەرەفی) باوەڕی وایە: ''بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم مانای ئەوە نییە، ڕاستەوخۆ سەربەخۆیی ڕادەگەیەنرێت و، لانی کەم پشتیوانیی خەڵکی کوردستان بۆ داوایەکی لەو شێوەیە هەیە، چونکە ئەوەی داوا کراوە، داواکاریی خەڵکی کوردستانە. بەڵام وڵاتەکان، ئەوانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، قەت پێیان خۆش نییە کورد لە وڵاتی خۆیدا خاوەنی مافی خۆی بێت، نەک لە خاکی خۆیشیدا، بەڵکو لە خاکی وڵاتانی دیکەشدا خاوەنی کیانی کوردیی خۆی بێت، بەڵام بەشێکیان لە دۆخێکی لەباردا نین، تا بڕیار بەسەر هەرێمی کوردستاندا بدەن؛ بۆ نموونە، سووریا ئەو سووریایەی جاران نییە، کە وەزیری دەرەوەی بەئاشکرا بچێتە ئێران و تورکیا و عێراق و بڕیار بدات، سووریا، بۆخۆی لە دۆخێکی خراپدایە و ناتوانێت بەجیددی بەربەست بێت. لەم لاشەوە دەوڵەتی عێراق، کە پرسەکە لای ئەوە، دۆخێکی لەباری نییە، دەسەڵاتی لەدەست خۆیدا نییە، کاریگەریی وڵاتانی دراوسێی لەسەرە، تا بتوانێت بە ئیرادەی خۆی بریار بدات. ئێرانیش گرفتی خۆی هەیە، بەتایبەتی لەنێوخۆ و لە دەرەوەشدا، لە وڵاتانی سووریا و عێراق و دەوروبەر، خۆی وەها بڵاو کردووەتەوە، کە خۆی پێ کۆناکرێتەوە و ناتوانێت کارێکی جیددی بکات. تورکیاش ئێستا زیندانەکانی پڕن لە نەیاری نێوخۆی، دۆخە سیاسییەکەی خراپە، واتە دراوسێکانی کورد ناتوانن بڕیاری جیددی بدەن. بەپێچەوانەوە، کوردستان بە واقعی وەک هێزێکی دیموکرات و تەبا لەپاڵ نەتەوەکاندا خۆی دەرخستووە کە لەدژی تیرۆر شەڕ دەکات و، ئەمانە خاڵی بەهێزی گەلی کوردستانن، بەڵام پشتیوانی ڕاستەقینەی کورد، هێزی پێشمەرگەی کوردستانە.''
جێگری سکرتێری گشتیی حدکا دەربارەی ئەوەی کە لە دۆخێکی وادا دهبێ ئهركی حزب و لایهنه كوردستانییهكان چی بێت و چۆن پشتیوانی لهو ههوڵهی ئهم پارچهیهی كوردستان بكهن؟ گوتی: ''هەرحزبێک، خۆی هەڵوێستی خۆی دیاری دەکات، ئەگەر حزبێک ڕێز بۆ ئیرادەی خوشک و براکانی خۆی لە پارچەیەکی دیکەی کوردستان دابنێت، دەستوەردان نەکات و گرفتاریی بۆ دروست نەکات، دەبێ تەنیا ڕێز لە ئیرادەی خەڵکەکەی بگرێت، ئەگەر لەلایەن خەڵکی پارچەیەکی دیکەی کوردستانەوە ئەرکێکی خرایە سەرشانی، دەبێ ئەو ئەرکە بەجێ بێنێت، تا خەڵکی ئەو پارچەیەی کوردستان مافەکانی بەدەست بێنێت.''
(حەسەن شەرەفی) ڕوونی کردەوە: ''هەڵوێستی حزبی دیموکرات ئەوەیە کە پشتیوانی لە خوشک و براکانمان بکەین لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، هاوکات دەست لە کاروباری پارچەکانی دیکەی کوردستان وەرنەدەین. چونکە هەرپارچەیەک خسووسییەتی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام بەگشتی پێمان وایە، هەرهێزێکی کوردستان، بە هەردەلیلێک ناچار بێت بە پشتیوانی، یان پێوەندیی لەگەڵ دەسەڵاتێکی داگیرکەری کوردستان هەبێت، نابێ ئەوەندە بچێتە پێشەوە، کە نەتوانێت بگەڕێتەوە و، ناکرێ کارێک بکات، کە بە زیانی ئەو پارچەی دیکەی کوردستان بشێکێتەوە.''
kdp-
