عەلی تەتەر: پارتی و یەکێتی دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن

 عەلی تەتەر: پارتی و یەکێتی دەتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان ڕای دەگەیەنێت، تەنیا بە دروستبوونی ھاوپەیمانییەتییەکی بەھێز لە نێوان یەکێتی و پارتیدا کێشەکان چارەسەر دەبن.

عەلی تەتەر، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕایگەیاند: "ئەگەر پارتی و یەکێتی ویستیان لەسەر چارەسەر کردنی کێشەکانی ھەرێمی کوردستان ھەبێت، ئەوا دەتوانن چارەسەری بکەن، چونکە کاتێکیش کێشەکان چارەسەر دەبن، ھاوپەیمانێتییەکی بەھێز لە نێوان ئەو دوو حزبەدا دروست ببێت، بەوەش لایەنە سیاسییەکانی دیکە جگە لە گۆڕان بە ئاسانی دێنە سەر ھێل".

ئەو سەرکردەیەی پارتی پێی وایە، کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکان لەلای یەکێتی و پارتییە و ھێمای بۆ ئەوەش کرد کە بزووتنەوەی گۆڕان ھەر زوو ئامانج و ھەڵویستی خۆی لە دژی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاندووە و گوتی: ”ئامانجی گۆڕان لە ناوبردنی ئەم دەسەڵاتەیە".

عەلی تەتەر ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات: "ئەگەر گۆڕان لە دژی دەسەڵات بێت، نایەت ھاوبەشی و پێشوازی لە بەرنامە و پرۆگرامێک بکات کە لە بەرنامەی ئەواندا نییە، بۆیە گۆڕان ئیش بۆ سەربەخۆیی کوردستان ناکات، بەڵام لە ھەمان کاتدا ناشتوانێت لە دژی بوەستێتەوە“.








باسنیوز
Top