پەرلەمانتارێکی یەکێتی: کاتی ئەوە ھاتووە ماڵی خۆمان لە بەغدا جیا بکەینەوە

 پەرلەمانتارێکی یەکێتی: کاتی ئەوە ھاتووە ماڵی خۆمان لە بەغدا جیا بکەینەوە
پەرلەمانتارێکی کوردستان ڕای گەیاند: "کاتی ئەوە ھاتووە گەلی کورد ماڵی خۆی لەگەڵ عێراق جیا بکاتەوە“ و جەختی لەوە کردەوە کە سەربەخۆیی کوردستان باشترین بژاردەیە“.

سالار مەحمود، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "چەندینجارە لە پەرلەمانی عێراقەوە گەلەکۆمەکێ دژی خەڵکی کوردستان دەکرێت، بۆیە ھیچ ئومێدێک لە بەغداوە بۆ میللەتی کورد نەماوە و کاتی ئەوەش ھاتووە گەلی کورد ماڵی خۆی لە بەغدا جیا بکاتەوە“.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: ”بەغدا مووچەی ھێزی پێشمەرگە و مووچەی گشتیی خەڵکی کوردستانی بڕیوە، تەنانەت ئامادەنییە دەرمانی پێویست ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکات، ھەروەھا ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە شەڕی تیرۆریستانی داعش 200 شەھیدی بەخشیوە، بەڵام بەغدا ئەو ناوچانە بە ناوچەی کوردستانی نازانێت، لەگەڵ ئەوەشدا ھەمیشە بەغدا مافی خەڵکی کوردستان پێشێل دەکات، بۆیە پێویستە خەڵکی کوردستان و ھێز و لایەنە سیاسییەکان ئەزموونی ئەو زوڵمەیان لەبەرچاودا بێت و ھەرچی زووترە ماڵی خۆمان لە بەغدا جیا بکەینەوە“.

ئاماژەی بەوەش کرد: "تاوەکو گەلی کورد لەژێر ڕکێفی حکوومەتی عێراقی بمێنێتەوە، ھیچ کات بە مافە نەتەوەییەکانی خۆی ناگات، باشترین ڕێگاش بۆ ئەوەی لە دەستی حکوومەتی عێراقی ڕزگارمان بێت، ئەوەیە ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکان کۆک بن لەسەر پرسی سەربەخۆیی، بۆ ئەوەی بتوانین زەمینەسازی بکەین بۆ دیاریکردنی کوردستانی سەربەخۆ، بێگومان ئێستا ھەموو تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە لەگەڵ ئەوەدایە دەوڵەتێکی سەربەخۆی ھەبێت“.

بە بڕوای ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی، ئایندەی گەش لای ھەرێمی کوردستانە و ئایندە لای ”عێراقێکی شێواو“ نییە، دەشڵێت: ”دواجار دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین گەلی کورد ھێندە لاواز نییە بەرامبەر ھەوڵە نەشازەکانی حکوومەتی عێراق بێ ھەڵوێست بێت، ئەگەر ھەموومان واز لەململانێی سیاسی بھێنن، بەجیابوونەوەی ھەرێمی کوردستان گەورەترین تۆڵە لە حکومەتی عێراق دەکەینەوە“.








باسنیوز
Top