بارزانی و شاندێکی باڵای بەریتانیا نیگەرانییەکان لەبارەی مووسڵ دوای داعش تاوتوێ دەکەن

 بارزانی و شاندێکی باڵای بەریتانیا نیگەرانییەکان لەبارەی مووسڵ دوای داعش تاوتوێ دەکەن
ڕۆژی چوارشەممە 12ـی 4ـی 2017 لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا كرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شاندەکەی بەریتانیا پێکهاتبوون لە تۆبیاس ئیڵ وۆد، بەڕێوەبەری بەشی كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست له وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و فرانك بەیكەر، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و چەند ڕاوێژكارێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان سڵاوی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای بە سەرۆك بارزانی گەیاند و هەروەها ڕۆشناییان خستەسەر بڕیار و ڕاسپاردەكانی لێژنەی ئاساییشی بەریتانیا كە جەخت لە هەڵوەستەكردن لەسەر بارودۆخی عێراق و پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكاتەوە، وەك هێزێكی كاریگەری ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. هەروەها شاندی میوان پێزانینی بۆ قوربانیدان و قارەمانێتیی پێشمەرگە و ئاستی هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق هەبوو لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ئازادكردنی مووسڵ.

لەو كۆبوونەوەیەدا بە وردی نیگەرانییەكانی هەردوولا لەبارەی قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ئەوەیش دووپات كرایەوە كە لە قۆناغی دوای ئازادكردنی مووسڵ، پێویستە بەڕێوەبردن و پاراستنی ئەو شارە ڕەنگدانەوەی ویستی خەڵك و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا بێت. هەروەها لەو قۆناغەدا هەماهەنگی لەنێوان حكوومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دانیشتووانی پارێزگای نەینەوا هەبێت و پەیوەست بەم باسەوە پێشنیار و ڕێگەچارەكان تاوتوێ كران.







باسنيوز
Top