وەزیری دەرەوەی عێراق: ئەزموونی هەرێمی کوردستان باش و سەرکەوتووە

 وەزیری دەرەوەی عێراق: ئەزموونی هەرێمی کوردستان باش و سەرکەوتووە
وەزیری دەرەوەی عێراق بە ڕاشکاوانە ڕای گەیاند کە پێیوایە ئەزموونی هەرێمی کوردستان ”باش و سەرکەوتووە“ و ئەوەی نەشاردەوە کە بەکارهێنانی مافە دەستوورییەکان بە مافی گەلی کوردستان دەزانێت.



ئەمڕۆ چوارشەممە 12/4/2017، ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق، گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (کوردستان 24) بە ڕاشکاوانە ڕای گەیاند: ”پشتیوانی لە هەموو هەنگاوێک بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی دەکەین“.



لە بارەی هەوڵەکان بۆ ڕیفراندۆم بۆ سەرخۆیی کوردستان، ئەوەی نەشاردەوە کە ”مافی هەر کوردێکە، مافی دەستووریی خۆیان بەکار بهێنن“.



وەزیری دەرەوەی عێراق گوتیشی: ”من جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکانی عێراق لەسەر بنچینەی نەتەوەیی و مەزهەبی ناکەم، پێموایە ئەزموونی هەرێمی کوردستان باش و سەرکەوتووە کە نیشانی جیهانی داوە“.



گەیشتنی جەعفەری بۆ هەولێر لە چوارچێوەی سەردانێکیدایە بۆ زانکۆی ئەمریکی کوردستان - دهۆک کە بڕیارە بەشداری لە پانێڵێکی تایبەت بە (سیاسەتی دەرەوەی عێراق و گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست) بکات.




باسینوز
Top