بەریتانیا پاڵپشتیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە

 بەریتانیا پاڵپشتیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە

شاندێکی حکوومەتی بەریتانیا سەردانی هەولێر دەکات و جەخت لە پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.



بەپێی راگەیەندراوێکی ئەنجومەنی وەـیرانی هەرێمی کوردستان، ، سەرلەبەیانیی رۆژی چوارشەممە 12.4.2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تۆبیاس ئێڵود، وەزیری دەوڵەت لە بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقیا و شاندێکی یاوەری، کۆ بووەتەوە.



تۆبیاس ئێڵود لە دیدارەکەدا رایگەیاندووە، کە ”پێویستە“ دوای شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆسیتیی داعش، شاری مووسڵ بە هەماهەنگیی هەردوو حکوومەتی هەولێر و بەغدا بەڕێوە ببرێت و پێکهاتەکان شارەکەش بەشداریی تێدا بکەن.



شاندە حکوومییەکەی بەریتانیا بە ئاماژەکردن بە رۆڵی ئەرێنیی خوڵک و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لەخۆگرتنی زیاتر لە 2.5 ملیۆن ئاوارەی عێراقی و قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگە، جەختی لە پشتگیریی بەردەوامی گەل و حکوومەتەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان کردووەتەوە.



تۆبیاس ئێڵود هەروەها رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی پشتگیریی هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەلایەکی دیکە، دەکات.



لە کۆبوونەوەکەدا، نیچیرڤان بارزانی ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هاوکاریی و هەماهەنگی لە بەڕێوەبردنی مووسڵی دوای داعش، دەربڕیوە و رایگەیاندووە، حکوومەتی عێراق لە پرسەکانی شەڕی دژی داعش و ئاوارە عێراقییەکان لە هەرێمی کوردستان هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی نەکردووە و ”بە پێویستی زانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەمبارەیەوە ھاوکار بێت“.



سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان خەریکی ئەنجامدانی ”دیالۆگێکی جددین“ بۆ دیاریکردنی داهاتووی هەرێمی کوردستان و ”گفتوگۆیەکی چڕیش لەسەر بابەتی ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان خۆیان داھاتووی خۆیان دیاری بکەن، بەڕێوە ‌دەچێت“.



نێچیرڤان بارزانی هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەگەر کوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێ یاخود هەر لە چوارچێوەی عێراقدا بمێنێت، ئەوا حکوومەتی هەرێمی کوردستان خوازیاری ”باشترین پەیوەندی“ـە لەگەڵ عێراق.





باسنیوز
Top