یەكێتیی پەرلەمانتاران: پێویستە ریفڕاندۆم بكرێت و لە عێراق جیا ببینەوە
(نیعمەت عەبدوڵڵا)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتیی هەنگاوێكی زۆر باش بوو تا لایەنەكانی دیكەیش لە دەوری خۆیان كۆ بكەنەوە بۆ ئەوەی بە یەك دەست و هەڵوێست بچنە نێو پڕۆسەی ریفڕاندۆمەوە، تا كۆبوونەوەیش بكرێن و سەردان و دانوستان هەبێت بۆ لای گشت لایەن و هێز و پێكهاتەكان هەر كەمە، هەتا لە وڵاتانی جیهان و هەر شوێنێك كاریگەری هەبێت لەسەر ریفڕاندۆمەكەی هەرێمی كوردستان و كەسێك لە شونێكێك بتوانێ هاوكاریمان بكات، ئەوە پێویستە سەردانی بكرێت و داوای هاوكاری و هەماهەنگیی لێ بكرێت، چونكە ئێمە وەك هەرێمی كوردستان دەستمان داوەتە پڕۆژەیەكی چارەنووسساز و چەندی پشتگیریمان هەبێت، هەر باشترە بۆ پڕۆسەی ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی".
سەرۆكی یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان گوتیشی، "دەگوترێ لە ئەمساڵدا ریفڕاندۆم بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئەگەر ئەو كۆمیتە و شاندەی بۆ پرسی ریفڕاندۆم پێك هاتووە، كاروبارەكانی تەواو بكات و لە كاتێكی زوودا وەخۆی بكەوێت، پێویستە سبەی ریفڕاندۆم بكرێت تا میللەتی ئێمە و هەموو پێكهاتەكان بڕیار لەبارەی دواڕۆژی خۆیانەوە بدەن و ئەو خەونەی چەندین ساڵە كورد خەباتی بۆ كردووە، بەدی بێنین".
(نیعمەت عەبدوڵڵا) دهشڵێت، "ئەوەی ئەمڕۆ هەرێمی كوردستانی هان داوە بۆ ریفڕاندۆم، دەوڵەتی عێراق بووە، چونكە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق ئەگەر دەستەڵاتدارانی عێراق بە شێوەیەكی باش مامەڵەیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكردایە و ماددەی 140 جێبەجێ بكرابا، ئەوە لەوانەیە ئێمەیش ئێستا بڕیاری جیابوونەوەمان دوا خستبا و لەگەڵ عێراق بماباینایەوە، بەڵام دوای شەڕی داعش گۆڕانكاری لە ناوچەكەدا دەكرێت و هەرێمی كوردستانیش رێگەی دیكەی نییە تەنیا جیابوونەوە نەبێت لە عێراق".
kdp-
