سەعد خالید: پارتی و یەكێتی جیددین.. بە كردار كار بۆ ریفراندۆم دەكرێت
(سەعد خالید)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "پێمان وایە مانەوەی كورد لە بەغدا، سوودی نییە، لەبەر ئەوەی ١٢ساڵی رابردوو دەریخست ئەو مافە كەمەی كورد كە لە دەستووردا ھاتووە، بەغدا بە زیادی دەزانێت، بۆیە ھەر رۆژەو بە بیانوویەك پاشگەز دەبوونەوه تا گەییشتە بڕینی قوتی خەڵك، ھێشتاش لە بەغدا عەقڵییەتی مەركەزی بوونی ھەیە".
(خالید) گوتیشی، "بە هۆی ئەو گۆڕانكارییەی لە ناوچەكەدا دەكرێت، لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا دەرفەتی وەها بۆ كورد نەھاتووەتە پێشەوە، بۆیە پێویستە لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای میللەتی خۆماندا زاڵ بین بەسەر كێشە ناوخۆییەكاندا، لەبەر ئەوە ھیوادارین پرسی ریفراندۆم ھەموو لایەنەكان كۆ بكاتەوە و سوود لەو دەرفەتەی ئێستا وەربگرین".
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی حیزبی زەحمەتكێشان دهشڵێ، "پێویستە لەمەودوا ھەنگاوی كرداری بۆ سەربەخۆیی بنێین و، ئێمەش وەكو زەحمەتكێشان ١٠٠% پشتیوانیی ئەو پڕۆژەیە دەكەین، بۆیە ھیوادارین ئەنجامدانی ریفراندۆم، راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی بە دواوە بێت".
دەشڵێت، "ئەوەی ئێمە لە شاندی ھاوبەشی پارتی و یەكێتیی خوێندمانەوە، ئەمجار زۆر جیددین لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، تا دوێنێیش تەنیا باس لە ریفراندۆم دەكرا، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئەمڕۆ بە كردار كاری بۆ دەكرێت و ھەوڵ بۆ دابینكردنی ئەو پێداویستیانە دەدرێت كە بۆ ریفراندۆم پێویستن بۆ ئەوەی ھەرێمیش سەربەخۆ بێت".
ئەمەیش لە كاتێكدایە، لە درێژەی سەردانی شاندی ھاوبەشی یەكێتیی و پارتی بۆ لای لایەنەكان لەبارەی ریفراندۆمەوە، ھەر دوێنێ لەگەڵ حیزبە توركمانی و مەسیحییەكان و زەحمەتكێشان كۆ بوونەوە و، ئەو حیزبانەیش بە تێكڕا پشتگیریی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دووپات كردەوە.
kdp-
