مامۆستایانی ئایینی: پشتگیریكردن لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، ئەركێكی ئایینی و نەتەوەییە
(مەلا جاسم جەعفەر)ـی گوتارخوێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "دەوڵەتی عێراق لەو 100 ساڵەدا بۆ هەموو لایەكی سەلماند كە لەگەڵ كورددا هەڵناكات، گەلی كورد بە زۆرەملێ پێوەی لكێندراوە، ڕێككەوتننامەكەی سایكس پیكۆ، سەد ساڵی تێپەڕاندووە، بۆیە پێویستە گەلی كورد ڕای خۆ دەرببڕێت و بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، چونكە بە درێژایی مێژوو ستەمێكی زۆر لە كورد كراوە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە كە پشتگیری لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بكەین، چونكە ئەمە مافێكی ڕەوای ئایینی و نەتەوەییە كە كورد هەوڵ بدات ببێت بە خاوەن كیانی خۆی و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت".
(مەلا جاسم) دەشڵێت، "ئێمە وەك مامۆستایانی ئایینی، پشتگیریی هەموو هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، چونكە كاتەكە گونجاوە، هەر ئامادەسازییەكیش بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بكرێت، ئێمە بە تەواوەتی پشتگیری دەكەین".
مامۆستا (سەباح خۆرشید)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، "بەشداریكردن لە ڕیفراندۆمدا، ئەركێكی ئایینی و نیشتمانییە، كە ئەو مافە خوای گەورە بە هەموو تاكێكی بەخشیوە، تا بڕیار لە بەڕێوەچوونی شێوەی كاروباری ژیانی خۆی بدات، ئایا دەیەوێت لەگەڵ دەوڵەتێكی دیكە بژیت، یان دەیەوێت بە سەربەخۆیی بژیت، بڕیاردان بۆ سەربەخۆیی یەكێكە لەو ماف و ئازادیانەی كە وا ئایینی پیرۆزی ئیسلام بە هەموو تاكێكی بەخشیوە، هەموو نەتەوەكانی دەوروبەرمان ئەو مافەیان وەرگرتووە و بوونەتە دەوڵەت، تەنیا ئێمە ماوین، بۆیە ڕیفراندۆم هەنگاوێكە لە هەنگاوەكانی بەرەو سەربەخۆیی و ئەو هەنگاوە بۆ ئێمە زۆر پێویستە و مافی خۆمانە كە چیدیكە ئەو شەراكەتە زۆرەملێیەی كە بەسەر ئێمەدا سەپێندراوە، درێژەی پێ نەدەین".
(عەبدولخالق مووسا) پێشنوێژ و گوتارخوێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "هەموو تاكێك بۆی هەیە بە سەربەخۆیی و ئازادی بژیت، بۆیە لە ڕووی ئایینییەوە مافێكی شەرعیی میللەتی كوردە، وەك هەر میللەتێكی دیكە خاوەن ئاڵا و كیان و سەرۆك و دەوڵەتی سەربەخۆ بێت، بە هیممەتی (سەرۆك بارزانی) و پێشمەرگە قارەمانەكان، ناووبانگی كوردستان لەسەر ئاستی جیهاندا دەنگی داوەتەوە، ئێمە باوەڕێكی تەواومان هەیە بەوەی بەو مافە دەگەین كە بە درێژایی مێژوو خەباتی بۆ دەكەین، بۆیە بانگەواز بۆ هەموو لایەنەكان دەكەین، ئەمڕۆ جیهان هەموو بە پیر كوردەوە دێن و، كورد دەبێتە دەوڵەت، ئەمجارە هەر كەس و لایەنێك ناپاكی بكات و بەربەست بێت لە بەردەم ئەوەی گەلی كورد بە ئاواتەكانی نەگات، مێژوو و هاووڵاتیانی كوردستان نەفرەتی لێ دەكەن".
kdp-
