سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان.باکوور: دیزاینی ڕۆژهەڵاتی ناوین دەگۆڕدرێت و کورد چاوەڕێی دەستکەوتی سیاسیی نوێیە
(سارتاچ بوجاک)، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان- باکوور، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕۆڵی (سەرۆک بارزانی) لەڕووی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و دیموکراسییەوە بۆ گەلی کوردستان زۆر گرینگە و، ڕۆڵێکی گرینگیش دەگێڕێت بۆ یەکخستنی نێوماڵی کورد. کاتی هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکە سیاسەتی حەکیمانەی (سەرۆک بارزانی) لەڕووی سەربازییەوە، وەک فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە توانی هەیبەتی داعش لەناو ببات و لە یەکەم ڕۆژەوە لە سەنگەردا بوو و توانی سەربکەویت و ئێستا کار بۆ سەربەخۆیی دەکات.''
سەبارەت بە سەربەخۆییی کوردستان (سارتاچ بوجاک) دەڵێت: ''کورد میللەتێکی ستەملێکراوە، کورد بە هەزاران قوربانیی داوە؛ ئەنفال و ئەنفالی بارزانییەکان و سووتاندنی گوند و چەندین قوربانیی دیکە. کاتێک داعش هات، عێراق نەیتوانی خەڵکی خۆی ڕزگار بکات، چۆن خەڵکی کورد ڕزگار دەکات، ئەگەر سەرۆکی هەرێم و پێشمەرگەی قارەمان نەبووایەن، کارەساتێکی زۆر گەورە ڕووی دەدا. عێراق نەیتوانیوە مافی خەڵک دابین بکات و بیانپارێزرێت. تاکو میللەتی کورد مافی چارەنووسی سیاسی و نەتەوەییی خۆی بەدەست نەخات، ناتوانێت ژیانی ئارام و ئاسایش و ئازادی و دیموکراسی مسۆگەر بکات. عێراق لە سیاسەتدا شکستی خواردووە، بۆیە مافی گەلی کوردە لێی جیا ببێتەوە.''
(سارتاچ بوجاک) گوتی: ''ئێمە بە کاتێکی مێژووییدا تێپەڕ دەبین، ڕۆژهەڵاتی ناوین دیزاینەکەی دەگۆڕدرێت، کورد چاوەڕوانی دەستکەوتی سیاسیی نوێیە و چاوەڕوانی بەدیهاتنی دۆز و داخوازییەکانی خۆیەتی، بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆی دەستنیشان بکات و لەسەر خاکی خۆی دەسەڵاتدار بێت. لەم خەباتە گرینگەدا (سەرۆک بارزانی) نەک بە تەنیا کەسایەتییەکی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوینە، بەڵکو کەسایەتییەکی سیاسیی جیهانیشە. (سەرۆک بارزانی) لە پلاتفۆرمی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا گرینگییەکی زۆر هەیە و کار بۆ دواڕۆژی میللەتی کورد دەکات و پێویستە تەواوی گەلی کورد لە تەواوی پارچەکانی کوردستاندا بە چاویکی مەزن ئەم سیاسەت و خەباتە ببینن.''
لەسەر پرسی ڕۆژئاوای کوردستان و ئەو سیاسەتە چەوتەی پەکەکە پێڕەوی دەکات، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-باکوور دەڵێت: ''بە هەرشێوەیەک بێت، ئێمە دەخوازین خەلکی ڕۆژئاوا سەربکەوێت، بەڵام سیاسەتی تاکڕۆیی قبووڵ ناکرێت، پەکەکە سیاسەتی تاکڕۆیی پێڕەو دەکات و ڕێ بە هیچ کەس و لایەنێک نادات. ڕەوشی ڕۆژئاوا پیویستی بە هەماهەنگی هەیە، بۆ ئەوەی سەربکەویت، تا پەکەکە ئەم سیاسەتە ترسناکە بەڕێوە ببات، سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت.''
سەبارەت بە نانەوەی بشێوی لە شنگال، کە پەکەکە دەیەوێت لەوێدا خۆی جێگیر بکات و بەربەست بخاتە بەردەم ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-باکوور هۆشداری دەداتە پەکەکە، کە ئەوێ شوێنی خەباتی پەکەکە نییە، پەکەکە بۆی نییە دەست بخاتە نێو کاروباری شنگال و لێیان قبووڵ ناکرێت.
(سارتاچ بوجاک) ئاماژەیشی دا، شنگال بەشیکی هەرێمی کوردستانە و کوردانی ئێزدی زۆریان ئازار چەشتووە و، پێشمەرگە بۆ ڕزگارکردنی شنگال زۆری قوربانی داوە، پێویستە سەروەریی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت. وەک دەبیندرێت پەکەکە بە ئەجێندای دەرەکی دەیەوێت ڕێگری لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال بکات و سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستانیش پێشێل بکات.
kdp-
