عەتا قەرەداغی باسی دۆخی ئێستای یەکێتی دەکات
لە وتارێکیدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، عەتا قەرەداغی، نووسەر، ئاماژەی بەوە داوە کە هەڵوێستی دروستی حزبایەتی لەسەر دوو بنەما وەستاوە، بنەمای یەکەم بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی و بنەمای دووەم، بەرژەوەندیی حزبییە. بۆیە دەڵێت: ”بۆ یەکێتیش وەکوو ھەر حیزبێکی تر ئەم دوو بنەمایە راستە، نەک سۆز و عاتیفە و ھاوڕێیەتی و رق و کینە و شەرم و ترس لە قسە و جنێو و تاوانبارکردن. بە واتا ئەوەی پێویستە یەکێتی بیکات ئەوەیە، ئەگەر بەرژەوەندیی نەتەوایەتی و نیشتمانی و حیزبایەتی خۆیان لەوە دایە لەگەڵ پارتی نزیک و ھاوپەیمان بن، حەقە ھیچ لەو نزیکی و ھاوپەیمانێتیە نەترسن و بە جیدی و بە ئاشکرا رای بگەیەن و کاری بۆ بکەن“.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باسی لەو تۆمەتانە کردووە کە بەهۆی نزیکبوونەوەی پارتی و یەکێتی ئاراستەی هەندێک لە سەرکردەکانی یەکێتی دەکرێت و ڕایگەیاندووە کە ئەگەر لەنێو یەکێتی کەسانێک هەبن بەوە تۆمەتبار بکرێت، ئەوا کەسانێکیش هەن کە بەهۆی نزیکییان لە گۆڕان، یان لە مالیکی یان لە ئێران تۆمەتبار دەکرێن و دەڵێت: ”ئەوانەی سەر بە گۆڕانن، چییان بۆ کورد و کوردستان کردووە کە بیسەلمێنێت لەوانە کوردترن کە سەربە پارتین؟“.
ئەمەش دەقی وتارەکەیە:
کێ لە ناو سەرکردایەتی یەکێتیدا پارتیەو کێ شوێنکەوتووی مام جەلالە؟
نووسینی: عەتا قەرەداخی
لێرەو لەوێ گوێمان لەوە دەبێت کە فڵانە ئەندام مەکتەب سیاسی یەکێتی پارتیەو فیسار پیاوی پارتیە و ئەویتر مەسینە ھەڵگرەو لەولاتریش ماستاو چیەو بەشێکی تریش کۆیلەو ھاوبەشی بەرژەوەندیە. بێگومان ئەگەر وابێت و بەھەمان ئەو بنەمایانەی کە بۆ بە پارتیبوونی بەشێک لە مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی بۆ پارتیبوون دانراوە، ئەوا لە رێگای ھەمان جۆرە پێوانەو وەلائەوە بۆ گۆڕان و بۆ شیعە و ئێران و تەنانەت بۆ پێکەکەش، بەشەکەی تری یەکێتیش کە پارتی نین دەبن بە گۆڕان، بەشێکیش بەپێی بەرگری کردنیان بە پێی ھەمان پێوانە سەر بە مالیکی و شیعەن و بەشێکیش سەربە ئێرانن و بەشێکیش مەیلداری پێکەکەن. ئەمەش قسە بە ناوبانگەکەی ئیسماعیل بێشکچیمان بیردەخاتەوە کە دەڵێت داگیرکەرانی کوردستان ھەریەکەیان کوردستانی خۆیانیان ھەیە تەنیا کورد کوردستانی خۆی نییە. لەو رووەوە دەبێ بگوترێت کاتێ بە بەشێک لە سەرکردایەتی یەکێتی بگوترێت پارتیەکانی ناو یەکێتی، ئەوا دەبێ بە بەشێکیش بگوترێت گۆڕانەکانی ناو یەکێتی و مالیکیەکانی ناو یەکێتی و ئێرانیەکانی ناو یەکێتی و...سەرئەنجام شتێک نامێنێتەوە بە ناوی یەکێتی، بێگومان ئەمەش لۆجیکێکی ئاوەژووە.
ئێستا با بزانین ئەوانەی بە پارتیبوون تاونبار دەکرێن، ئایا دژایەتی خۆیانیان بۆ کوردو بۆ یەکێتی و بۆ کوردستان راگەیاندووە؟ ئایا دژایەتی خۆیانیان بۆ تێکدانی تەواوەتی ماڵی شێواوی کورد ئاشکرا کردووە؟ ئەی ئەوانەی کە سەربەگۆڕانن چیان کردووە بۆ کوردو کوردستان کە بیسەلمێنێت لەوانە کوردترن کە سەربە پارتین؟ ئایا ئەوانەی سەر بە مالیکی و شیعەو ئێرانن چەندێ خزمەتی کوردیان کردووە چەندێ لەبەردەم عەرەبدا بچووکی کوردیان نیشانداوە؟ ئەی ئەوانەی تر کە سەربە پێکەکەن چیان بۆ کورد کردووە؟ برادەرینە ئێوە ھەمووتان ئەندامی حیزبێکن، چۆن لە رووتان دێت بەوجۆرە ھاوڕی و ھاوخەبات و ھاوسەنگەرەکانتان بەوجۆرە ناشیرینانە تاوانبار بکەن؟ ئەگەر ئەم تاوانبارکردنانەتان راستبن ئەوا ھیچتان خاوێن دەرناچن و ھەمووتان گوناھبارن چونکە بە پێی ئەو بنەمایەی بۆ پارتیبوونی ھەندێکتان لەلایەن ھەندێکی ترتانەوە دانراون، ئەوا ھەمووتان دەبن بە پیاوی خەڵکی تر، گوناھەکەش ئەمەیە بەوجۆرە غەدر لە خۆتان دەکەن بە تایبەتی ئەوانەتان کە بە حیزبەکەتانەوە ماندوو بوون. بەو پێیەی کە ھەر دەستەیەکتان مەیلتان بە لایەکدا ھەیە، شتێک نامێنێـەوە ناوی یەکێتی بێت. بەڵام ئایا ئەوە راستە بێگومان نەخێر. بۆیە حەقە ھەمووتان کەمێک بە لۆجیکی عەقڵ بیربکەنەوە و واز لەو یەکتر تاوانبارکردنە بھێنن، چونکە ئەگەر وریا نەبن ئەم پەرتبوون و خۆخۆریەتان دەتان روخێنێت، ئاشکرایە سەختترین و ترسناکترین برین ئەوەیە لەناو جەستەدا بێت.
ئێوە ھەمووتان وای نیشان دەدەن کە شانازی بە مام جەلالەوە دەکەن و خۆتان بە شوێنکەوتووی دڵسۆزی ئەو دەزانن. بەڵام لە خۆتان بپرسن بەو ئەندازەی مام جەلال لە ساڵی ٢٠٠٠ بەدواوە و بە تایبەتیش دوای رووخاندنی سەدام لە پارتی نزیک بووەوەو سەردان لە دوای سەردانی پارتی کرد، مەبەستەکەی ھەرچیەک بێت لەوانەی کە دواتر باسی دەکەین، ئایا ئەوانەی کە ئێستا لەو مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتیتاندا بە پارتیبوون تاوانباریان دەکەن بەو ئەندازەی مام جەلال نزیکبوونەتەوە لە پارتی؟ بێگومان من بۆخۆم زیاتر وایلێکدەدەمەوە کە مام جەلال پاش ئەزموونی نزیکە چل ساڵ ململانێ لەگەڵ بنەماڵەی بارزانی گەیشتن بەو قەناعەتەی کە ناتوانێت بە ململانێ ھیچ لە بنەماڵەی بارزانی بباتەوە، بۆیە ئازایانەو بوێرانەو دڵنیام بێ گوێگرتن و گوێدان بەوەی کە رەنگە زۆرێک لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و کادیرانی یەکێتیش بەو نزیکبوونەوەی ئەو ناڕازی بن، ئەو بڕیاری خۆیداو کارگەیشتە ئەوەی شارۆچکە بە شارۆچکەو دی َ بە دێ بگەڕێت و کۆبوونەوە بکات و دژی بەربژێرەکەی کاکە نەوەکەی خۆی بانگەشە بۆ کاک مەسعود بکات و دەنگی بۆ کۆبکاتەوە. ئایا یەکێتیەکان توانای ئەوەیان ھەیە بیر لەوە بکەنەوە مام جەلال ئەوەی بۆچی کرد؟ بێگومان یان ئەمیش بووبوو بە پارتی یان لە پێناوی زیاتر لێکنزیککردنەوەی یەکێتی و پارتیدا بوو، یان لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیدا بوو بۆ ئەوەی بۆ خولی دووەمیش ببێتەوە بە سەرۆک کۆماری عێراق. بەڵام بەداخەوە زۆرێک لە یەکێتیەکان کە زیاتر مەبەستم ھاوڕێ و دۆستە نزیکەکانی خۆمە لە ناو مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ناوەندەکانی تری یەکێتیدا بوێری ئەوەیان نیە ھەرگیز لە بارەی ھەڵوێستەکانی مام جەلالەوە لە نزیکبوونەوەیدا لە پارتی پرسیار لە خۆیان بکەن، چونکە ئەگەر ئەو پرسیارەیان کرد ئەوا بە یەکێک لەو سێ خاڵە دەگەن کە پێشتر ئاماژەم بۆ کردن، ھەرچەندە من خۆم زیاتر ئەوەیان بۆ ھەڵویستی مام جەلال بە درووستتر دەزانم کە لە پێناوی زیاتر لیکنزیکبوونەوەی یەکێتی و پارتیدا ئەوەی کردووە چونکە ئەو باش دەیزانی بۆ ئەم قۆناغە چارەنووسی کورد لە باشووری کوردستان بەستراوە بە یەکێتی و پارتیەوە. کەواتە ئەو بەرپرسانەی یەکێتی کە ئێستا نایانەوێـت لە پارتی دووربکەونەوەو ھەوڵدەدەن پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ پارتی باش بێت، ئەوانە لەسەر رێگای مام جەلال دەڕۆن، کەچی ئەوانەی لە سەنگەری گۆڕان و شیعەوە قسە دەکەن، ئەمانە بە پارتی تاوانبار دەکەن و خۆیان بە شوێنکەوتووی مام جەلال دەزانن؟ ئایا کام لەم ئاراستەیانە شوێنکەوتووی مام جەلالن؟
ھەرچەندە من نە لەو کەسانەم ئامۆژگاری کەس بکەم، نە ئەو حەقەش بەخۆم دەدەم، بەڵام پێموایە لۆجیکی عەقل دەڵێت: سیاسەت بە دیدی پراگماتیکانە دەکرێت. بۆیە ھەڵوێستی درووستی حیزبایەتی لە کوردستاندا لە سەر دوو بنەما وەردەگیرێت. یەکەم لە روانگەی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانیەوە. دووەم لە روانگەی بەرژەوەندی حیزبیەوە. بۆ یەکێتیش وەکو ھەر حیزبێکی تر ئەم دوو بنەمایە راستە، نەک سۆزو عاتیفەو ھاوڕێیەتی و رق و کینەو شەرم و ترس لە قسەو جنێو و تاوانبارکردن. بەواتا ئەوەی پێویستە یەکێتی بیکات ئەوەیە: ئەگەر بەرژەوەندی نەتەوایەتی و نیشتیمانی و حیزبایەتی خۆیان لەوەدایە لەگەڵ پارتی نزیک و ھاوپەیمان بن، حەقە ھیچ لەو نزیکی و ھاوپەیمانێتیە نەترسن و بە جیدی و بە ئاشکرا رایبگەیەن و کاری بۆبکەن. ئەگەریش پێیان وایە نزیکی و ھاوپەیمانیان لەگەڵ گۆڕان لە بەرژەوەندی کوردو کوردستان و حیزبەکەشیانە، ئەوا پێویست ناکات ھیچ دوو دڵ بن و حەقە بوێرانە بڕیاری نزیکی و ھاوپەیمانی و پێکەوە کارکردن لەگەڵ گۆڕان بدەن و بۆ رێزگرتنی خەبات و تێکۆشانی خۆیشیان پێویستە لە یەکتر تاوانبارکردن دووربکەونەوەو ھەڵوێستی کۆنکرێتیان ھەبێت، نەک لەسەر پەتی لەرزۆکی نێوان پارتی و گۆڕان یاری بکەن، چونکە پەتی نێوان پارتی و گۆڕان لە تاڵەموش باریکترە کە بە تەواوی پچڕا یەکێتی کە لەسەر ئەو تاڵە موویە دەکەوێتە چاڵەکەوە. ئەوەش رەنگە نەک زیانی ھەر بۆ یەکێتیەکان ھەبێت بەڵکو دەبێتە پاشاگەردانی تەواو لەو جوگرافیایەدا کە ھەتا ئێستاش یەکێتی بەرپرسی یەکەمە لە بەڕێوەبردنی. ١٠-٤
باسنيوز
