پرسی ڕیفراندۆم گفتوگۆی سەرەکیی پارتی و یەکێتی دەبێت
ئاسۆ کەریم، چاودێری سیاسی و یەکێک لە ئەندامانی دەستەی باڵای ڕیفراندۆمی مەدەنی لە ساڵی ٢٠٠٥، گوتی: "کۆمەڵێک پرس ھەیە پەیوەندییان بە ڕیفراندۆمەوە ھەیە، ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بەتایبەت لەو لێژنەیەی کە دانراوە لەوانە ئایا لە کوێ ڕیفراندۆم دەکرێت؟ ئایا بە پابەندبوونە، یان خەڵکی ئازادە، ئایا بە چ زۆرینەیەک دەبڕێتەوە؟ ئایا ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان مافی بەشدارییان لەو ریفراندۆمەدا ھەیە؟".
ئەو چاودێرە سیاسییە لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیشی کردەوە: ”ئەوەی پەیوەندیی بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمەوە ھەیە، ئەوەیە کە پەرلەمانی کوردستان ناتوانێت بڕیار لەسەر ئەو ناوچانە بدات، چونکە پەرلەمان ھەڵبژێردراوی دانیشتووانی سنووری ھەرێمی کوردستانە نەک لەلایەن خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم هەڵبژێردرابێت، بۆیە دەبێ رێگەی دیکە بگیرێتەبەر بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە، چونکە پەرلەمان ناتوانێت ئەو بڕیارە بدات، پێویستە پەرلەمانی کوردستان بە سەرجەم ئەندامەکانییەوە بە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا و دیالە و بە پەرلەمانتارانی کورد لە سنووری خانەقین و ئەنجومەنی دیالە و ئەندامە کوردەکان لە سەلاحەین کە نوێنەرایەتیی شاری دووزخورماتوو دەکەن، کۆ ببنەوە و بڕیار لەسەر پرسی ریفراندۆم لەو ناوچانە بدەن".
ئەوەشی خستەڕوو، "دەبێ کات بدرێت بەوەی ئەو ریفراندۆمە لە کوێ دەکرێت؟ کێ مافی دەنگدانی ھەیە؟ بۆیە کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو بنەمایەیە، بۆیە ئەگەر ھەندێک تێڕوانینی سیاسیی ھاوبەش ھەبێت، دەتوانرێت دەرچەیەکی یاسایش بکرێتەوە".
باسنیوز
